كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: داخستنی ئێن ئاڕ تی بۆ ڕێگریکردن بووە لە کردەوەی گێرەشێوێنی


ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند رێکاری پێویست بەرامبەر نووسینگەکانی کەناڵی NRT گیراوەتە بەر بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی و کاری گێرەشێوێنی.


دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی تایبەت بۆ (باسنیوز) ناردراوە، ئاماژەی بەوە داوە “ماوەیەکە بە سوود وەرگرتن لە ئازادی کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان چەند کەس و دەزگایەکی راگەیاندن بە هەموو شێوەیەک دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان رەفتار دەکەن، بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، تەنانەت رێزیان بۆ پیرۆزییەکانیش نەهێشتۆتەوە، لەوانەش کەناڵی NRT و شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی ئەم کەناڵە".


ئەوەشی راگەیاند کە شاسوار عەبدولواحید لە رێگای ئەم کەناڵە لە پرسە چارەنوسسازەکانی کوردیشدا وەک پرۆسەی ریفراندۆم دژی ویستەکانی گەلی کورد وەستایەوە و لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کەمپینی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم رێکخستبوو. لەلایەکی ترەوە لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، کەناڵەکەی هانی خەڵکی دەدا بۆ نانەوەی ئاژاوە بە بیانووی دواکەوتنی مووچەوە.

دیندار زێباری دەشڵێ “چەندین جار دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار و داخستنی کەناڵەکەی دەرکردووە لەوانە بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن، لەلایەکی دیکەوە داواکارى گشتى لە مانگی شەشی ئەم ساڵدا داوای ئەوەی کردبوو لەبەر بەرژەوەندى هاووڵاتییان و هێورکردنەوەى بارودۆخى ناوخۆى هەرێم و سەرپێچی کردن لە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لەخۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پێویستى دەزانن کەناڵەکانى ئێن ئاڕ تى کوردى و عەرەبى بە یەکجاری دابخرێن. هەروەها پێشتریش بە هۆی سەرپێچی کردن لە یاسا و رێنماییەکان، کەناڵەکە بۆ ماوەی کاتی داخرابوو".


لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە "کەناڵی NRT بە بەردەوامی بە ئاقارێکی زۆر خراپدا رۆیشتووە لە هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە بریارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و گومان دروستکردن لەسەر بوونی نەخۆشی کۆرۆنا دوور لە یاسا و پێچەوانەى مادەی سێیەم برگەى سێیەم لە رێنمایی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان (رێنمایی مۆڵەتی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ). وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەرێوەبەرایەتی گشتی و ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بەشی یاسا لە ٣/٦/٢٠٢٠ کەنالی ناوبراوی ئاگادار کردووەتەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوازە لە راگەیاندن پێویستە رابگیرێ و ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بکرێت بە پێچەوانەوە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان ناچارن رێکاری یاسایی بەرامبەر کەناڵی ئاسمانی NRT بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستە لەم دواییەدا وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر داوای داواکاری گشتی سکاڵای تۆمار کردووە لە دادگا و ڕۆژی ٩/٩/٢٠٢٠ دیاریکراوە بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە”.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە ئازادییەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە هەر ئاستێكدا بێت بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنووسیدا، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی رۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادی كەسانی تر و هۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.