وردەکاریی ڕێککەوتنی لایەنەکانی لیبیا ئاشکرا دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وردەکاریی ڕێککەوتنی لایەنەکانی لیبیا ئاشکرا دەبێت

"دەبێ هەموو چەکدارە بیانییەکان و بەتایبەت توركیا لە لیبیا نەمێنن"

شەڕی ناوخۆی لیبیا ساڵانێكە بەردەوامە، بەڵام بە نێوەندگیری ئەمریكا و ئەڵمانیا لە ٢١_٨_٢٠٢٠، هەردوو لایەنی شەڕ (خەلیفە حەفتەر و فایز سەراج)، لەسەر ئاگربەستێكی هەمیشە رێك كەوتن، بەڵام توركیا بەو رێككەوتنە ڕازی نییە و پشتگیریی ناكات و ڕووسیاش بێدەنگە.

 ئەو خاڵانەی هەر دوولایەن لەسەری رێك كەوتوون

١. بۆ ئەوەی ئاگربەست جێبەجێ بكرێت، چەند مانگێكە شەڕێكی سەخت لە هەردوو شاری (سیرتە و جوفرە) هەیە، بۆیە لایەنەکان لەو دوو شارە بێچەک دەکرێن. ئەو دوو شارە دەدرێتە دەستی هێزێكی بێلایەن و پۆلیس، هەروەها كۆنسەیەكی سەرۆكایەتیی تازە لەو  شارە دادەمەزرێت و دامەزراوەی دەوڵەتیش لەو دووو شارە دەبێت.

٢. چەندین مانگە ناردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان راوەستاوە، بۆیە سەرلەنوێ دەست بە هەناردەكردنی نەوت دەكرێتەوە و داهاتەكەشی دەچێتە حیسابێكی بێلایەن.

٣. بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجی كۆتایی، دەبێت هەموو هێزە چەكدارەكانی وڵاتان لە لیبیا نەمێنن و ئەو وڵاتە جێ بهێڵن.

٤. لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢١ پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەنجام بدرێت.

لە مانگی ١ی ٢٠٢٠ لە كۆنفرانسی بەرلین لە ئەڵمانیا حەفتەر و سەراج ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام دوای چەند رۆژێك حەفتەر ئاگربەستی شكاند، بۆیە ئەمجارەیان سەراج داوای كرد نەتەوە یەكگرتووەكانیش ببێتە لایەنی ئەو رێككەوتن و ئاگربەستە. بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسە جیهانییەكان، ئەمجارەیان حەفتەر پشتگیری لە ئاگربەست دەكات.

 پێگەی ئەڵمانیا و ئەمریكا لە لیبیا بەهێز دەبێت

بەهۆی ئەوەی ئەڵمانیا و ئەمریكا رۆڵێكی سەرەكیان هەبووە لە گەیشتن بە ئاگربەست و كۆتاییهاتن بە شەڕی ناوخۆی لیبیا، بۆیە پێگەی ئەو دوو وڵاتە لە لیبیا بەهێز دەبێت. بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی توركیا بكات و بابەتی ئاگربەستی لیبیا و كێشەی نێوان توركیا و یۆنان لەبارەی دەریای سپی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا باس بكات.

وڵاتانی ئەورووپا پشتگیری بەهێزیی ئەو ئاگربەستە دەکەن

زۆبەی وڵاتانی ئەورووپا پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو رێككەوتنە دەربڕی و دەڵێن ئێمە بە هەموو شێوەیەك ڕازین و ئامادەی هاوكارین. میسریش یەكەم وڵاتی عەرەبی بوو كە پشتگیریی خۆی بۆ ئەو رێككەوتنە دەربڕی. دوای میسر، ئەو وڵاتانەی پشتگیری حەفتەریان دەكرد وەكوو (ئیمارات، سعوودیا و وڵاتانی كەنداو) پشتگیریی خۆیان بۆ ئاگربەست راگەیاند.

 توركیا و ڕووسیا بێدەنگن

توركیا و ڕووسیا كە بەهێزترین رۆڵیان لە لیبیا هەبوو، توركیا پشتگیری لە حكوومەتی سەراج دەكرد و ڕووسیاش لە حەفتەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی توركیا توانی باڵانسی هێز بگۆڕێت و توانی راستەوخۆ بەشداری لە شەڕەکەدا بکات، هێزەكانی حەفتەر ٤٠ كیلۆمەتر لە تەرابلووس دوور بخاتەوە و مەترسیی كەوتنی تەرابلووسی نەهێشت، بۆیە توركیا لە لیبیا خاوەن بڕیار و قورسایی خۆی بوو.

توركیا و رووسیا كە بەردەوام دەیانگوت ئێمە لەگەڵ نەهێشتنی شەڕی ناوخۆی لیبیاین، كەچی ئێستا ئاگربەست راگەیەندراوە، توركیا و رووسیا پشتگری لەو ئاگربەستە ناكەن.

ئیبراهیم كاڵن راوێژكاری رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە دیمانەیەكیدا بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی (ئەجەزیرە)، ئاماژەی دا كە پێویستە بێچەككردنی سیرتە و جوفرە بە شێوەیەكی شەفاف بێت، ئەوكات توركیا پشتگیری لە ئاگربەست دەكات.

لەمبارەوە مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، پێی وایە تا سیرتە و جوفرە بەتەواوی نەكەوێتە ژێر دەستی حكوومەتی سەراج ئاگربەست مانای نابێت.

بەشی تورکیی ماڵپەڕی (BBC)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی یەكێك لە خاڵەكانی ئاگربەست دەركردنی هەموو ئەو هێزانەیە كە لەناو خاكی لیبیان و، توركیا زۆرترین هێزی لەو وڵاتە هەیە و پێویستە نەمێنن، بۆیە توركیا دژی ئاگربەستە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە، توركیا بەنیاز بووە بنكەیەكی گەورەی سەربازی لە لیبیا دابمەزرێنێت، هەروەها لەسەر دەریاس سپی و لە نزیك لیبیاش بەنیازی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی بووە، بۆیە ئەگەر خاڵەكانی رێككەوتن سەر بگرێت، توركیا دەبێت لیبیا جێ بهێڵێت، ئەمەش وای كردووە توركیا بەرامبەر بەو ئاگربەستە بێدەنگ بێت.