پسپۆڕێکی پەروەردە: لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەكانی كوردستاندا قوتابیانی كورد خەریكە زمانی دایكیان لەبیر دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پسپۆڕێکی پەروەردە: لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەكانی كوردستاندا قوتابیانی كورد خەریكە زمانی دایكیان لەبیر دەكەن

"باشترین ڕێگە بۆ پاراستنی کولتوور، پاراستنی زمانە"

(باسنیوز) محەمەد دەرگەڵەیی+ سەردار ستار 

 دکتۆر فرانۆ ئێڤیزا، پسپۆڕ و پەروەردەکار و توێژەرێکی بواری پەروەردە و زمانە. بە ڕەچەڵەک ئەلبانییە و لە تەمەنی منداڵییەوە بەرەو ئەمریکا کۆچی کردووە، ئێستا نزیکەی دوو ساڵە لە یەکێک لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان وەک بەڕێوەبەر کار دەکات. ئەگەرچی دڵخۆشە بە ژیان و کارکردنی لە کوردستان، بەڵام دڵگرانە و تێبینی دەکات، لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان هێندە گرنگی بە زمانی بیانی دەدرێت، گرنگی بە زمانی کوردی نادرێت و فێرکردنی ئینگلیزی لەسەر حیسابی زمانی دایک، خەریکە قوتابییەکان لە شوناس و کولتووری کوردی دوور دخاتەوە. 

 لە دیمانەیەکی تایبەتدا کە (باسنیوز)، لەگەڵ "دکتۆر فرانۆ"ی ساز داوە، باس لە گرفتەکانی پەیوەست بە فەرامۆشکردنی زمانی دایک لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان دەکات و پەنجە دەخاتە سەر ئەو ئاستەنگانەی، دەکرێت لە دوورمەودا بەرۆکی نەوەی داهاتووی کورد بگرێت. هەروەها وردەکاریی پڕۆژەیەکی خۆی ئاشکرا دەکات، کە پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بۆ ئەوەی بە بیانووی پێشکەوتن و خۆگونجاندن لەگەڵ جیهانی دەرەوە، چیتر زمانی دایک لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان فەرمۆش نەکرێت، چونکە پێی وایە، زمان چەق و جەوهەری ناسنامە و کولتووری هەر گەلێکە و بە مردنی زمان ناسنامەی ئەو گەلەش دەمرێت.

(باسنیوز): چۆن پێناسەی زمان دەکەی؟

د. فرانۆ: هەر کولتوورێک پێک دێت لە 25 بەشی سەرەکی. کاتێک باس لە کولتوور دەکەین، دەتوانین جەستەی مرۆڤێک وێنا بکەین، کە هەرکام لە ئەندامەکانی ئەم جەستەیە یەکێکە لەو 25 بەشە. لەم وێناکردنەدا، زمان دڵە. کە دڵ لە کار بکەوێت،  جەستەکە دەمرێت. بە واتایەکی دیکە، کە زمان بمرێت، کولتووریش دەمرێت. من دەڵێم زمان ئامرازێکی گرنگە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوناسی فەرهەنگی. 

پێتوایە ئەوەی تورکیا بە زمانی کوردی دەکات بۆ چییە؟ ئەوە کارێکی پلان بۆ داڕێژراوە، چونکە ئەوان نیازیان وایە کورد ئاسیمیلاسیۆن بکرێت و بتوێتەوە و لە دوورمەودا کوردەکان ببن بە تورک. هەروەک ئەوەی لە دەیەکانی 1920 و 1930 لە ئەمریکا دژ بە گرووپە جیاوازەکان دەکرا. 

 (باسنیوز): چۆن و دەکرێ لەمبارەوە زیاتر ڕوونکردنەوە بدەیت؟

د. فرانۆ: لێرە 30 قوتابخانەی نێودەوڵەتیی هەن، کە وانەکان تێیاندا بە زمانی ئینگلیزی دەگوترێنەوە. بۆ زمانی کوردی تەنیا دوو بۆ سێ سەعات لە هەفتەیەکدا تەرخان کراوە و زمانی کوردی وەک زمانی دووەم، یان زمانی بێگانە هەژمار دەکرێت. ئەو منداڵانە سەرکردەکانی داهاتووی وڵاتن، پێتان وایە بەم شێوەیە دەتوانن بە زمانی دایک بنووسن و بخوێننەوە؟ بەڵام بۆ ئەمەش ڕێگەچارە هەیە. دەکرێ شێوازی وانەبێژی بە دوو زمان بەکار بهێنرێت. پێویستە ناوەڕۆکی سەرجەم وانەکان، ئیتر وانەی بیرکاری بێت، یان زانست یا کۆمەڵایەتی، سەرجەمیان بە دوو زمان بگوترێنەوە. 

بابەتێکی دیکە هەیە، کە ڕەگ و ڕیشەکەی لەناو مێژووە و پێویستە چارەسەر بکرێت، ئەویش ئەوەیە، کە پێی دەگوترێت (inferiority complex)، یان هەمان خۆبەکەمزانین. ئەلبانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا هەمان کێشەیان هەیە و من لێرەش تێبینیم کردووە. واتاکەی ئەوەیە، کە پێت وابێت هەر چییەک کە کوردی نەبێت، باشترە. 

(باسنیوز): چۆن زمانێک ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنێت و بە زیندوویی دەمێنێتەوە؟ سەبارەت بە زمانی کوردی، حکوومەت لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە زمان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەتوانێت چی بکات؟ 

د. فرانۆ: تەنیا پەروەردە. من تەنیا چەند وشەیەکی کەم کوردی دەزانم، بەڵام خەم دەخۆم کاتێک دەبینم نزیکەی 700 قوتابیم هەیە و دایک و باوکیان بە شانازییەوە دێنە لام و دەڵێن منداڵەکانیان لە ماڵەوەش هەر بە ئینگلیزی قسە دەکەن. من ئەمەم پێ باش نییە. من تەنانەت کێشەم لەگەڵ خودی سیستەمی پەروەردەش [لە کوردستان] هەیە و ئەگەر لە دەسەڵاتم بوایە، بەدڵنیاییەوە دەمگۆڕی. جارێکیان چوومە وەزارەتی پەروەردە و گوتم، من نامەوێت قوتابییەکانم بە ئینگلیزی بخوێنن و هیچیش لە زمان و کولتووری کوردی فێر نەبن. وەڵامەکەیان ئەوە بوو، کە ئەمە یاسایە. گوتم ئایا دەتوانم پرۆگرامێک بۆ تاقیکردنەوە تایبەت بە خۆمان بەکار بێنم؟ گوتیان بەڵێ. هەر بۆیە منیش خاتوونێکم دامەزراند، کە کوردی نیشتەجێی بەریتانیایە. پێم گوت پرۆگرامی وانەبێژی بە دوو زمان جێبەجێ بکات. پاش ئەم تاقیکردنەوەیە، ئێستا بە ئاسانی جیاوازیی لە نێوان ئەو قوتابیانە و قوتابییەکانی دیکە بەدی دەکرێت. 

من حەز دەکەم شوناسی کولتووریی قوتابییەکانم بەهێز بکەم، حەز دەکەم وایان لێ بکەم، شانازی بەوەوە بکەن کە هەن، چونکە تا زیاتر شارەزای زمان و مێژوو و کولتووری خۆیان بن، باشتر لە خۆیان تێدەگەن. من ڕازی نیم بەوەی لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان هەیە. ئەو قوتابییانە لە خانەوادەی زەنگین دێن، ساڵانە 4 هەزار بۆ 5 هەزار دۆلار کرێی خوێندن دەدەن، لە کاتێکدا خەریکە زمانی دایکیان لەبیر دەکەن. وەک کەسێک، کە لە بواری پەروەردە کار دەکەم، من ناتوانم بێدەنگ بم و هیچ نەڵێم.

(باسنیوز): لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو قوتابخانەی نێودەوڵەتی لە کوردستان دامەزراون، ئەوەی زۆربەیان بە شانازییەوە، تەنانەت لە ڕێکڵامەکانیان باسی لێوە دەکەن ئەوەیە، کە تەنیا بە زمانی ئینگلیز وانەکان دەگوترێنەوە، پێتان وایە ئەمە لەسەر حیسابی زمانی دایکە؟ ئایا کاریگەرییەکانی لەسەر نەوەکانی داهاتوو چی دەبێت؟ حکوومەت دەتوانێت چ ڕۆڵێک بگێڕێت؟

د. فرانۆ: من لە قوتابخانەکەم منداڵی ئەندام پەرلەمانم لایە، منداڵی خانەوادە دەوڵەمەند و ناودارەکان، منداڵم لایە لەگەڵ پاسەوانەکانی دێتە قوتابخانە. من دەزانم هەر ئەم منداڵانەن لە داهاتوودا دەبنە سەرکردەکانی ئەم وڵاتە، بەڵام [بەم شێوەیە] ناتوانن ئامادە بن، کە وڵات بەڕێوە بەرن. من پێم وایە بەشێکی زۆر لەم خانەوادەنەی، کە لە شەو و ڕۆژێکدا دەوڵەمەند بوون، ئێستا لەڕووی کولتوورەوە منداڵەکانیان تێک دەدەن. بەدڵنیاییەوە قوتابیشمان لایە لە خانەوادەی دیار و دەوڵەمەندە و زۆریش باشە، بەڵام توانای زۆرینەی ئەو منداڵانە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەهەدەر دراوە. زۆرینەیان هیچ ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ شوناس یان شوناسی کولتووریی خۆیان نییە. 

(باسنیوز): کەواتە بە ڕای ئێوە دوورکەوتنەوە لە زمانی دایک، قوتابییەکان لە شوناسی کولتووری خۆیان دوور دەخاتەوە؟ 

د. فرانۆ: بەدڵنیاییەوە وایە، چونکە لە ماڵەوە دایکان و باوکان هانیان نادەن، لە قوتابخانەش دەبینین، کە تەنیا زمانی ئینگلیزییە. ئەوەش هەروەک پێشتر باسم کرد، پەیوەندیی بە خۆبەکەمزانینەوە هەیە، کە بە درێژایی مێژوو لەناو ئەو گەلانە دروست دەبێت، کە لە لایەن زۆرینەوە دەچەوسێنرێنەوە، هەروەک چۆن کورد بە درێژایی مێژوو چەوسێندراوەتەوە، بۆیە گەیشتووە بەم هەستی خۆبەکەمزانینە. 

من لێرە سەردانی پزیشکی ددانم کردووە و چەندین ددانم لێرە بۆ چێنراوەتەوە. کە ئەوە لای کوردێک باس دەکەم، بە سەرسووڕمانەوە دەڵێن چۆن لە کوردستان چوومەتە لای پزیشکی ددان، دەبوایە بچووبامە تورکیا. دەبینی، خۆ پزیشکە کوردەکە زۆر باش کارەکەی خۆی ئەنجام داوە، بەڵام خەڵکەکە هەر شتێک هی کورد بێت، لای بێ بەهایە و هەر چییەک هی بێگانە بێت لای بەنرخە.

 (باسنیوز): حکوومەت لەم بوارەدا دەتوانێت چی بکات؟ 

د. فرانۆ: من ڕۆژێکیان چوومە وەزارەتی پەروەردە و بۆیانم شی کردەوە، کە نزیکەی 30 هەزار قوتابی لەو قوتابخانە نێودەوڵەتییانەن، تێیاندا زمانی کوردی وەک زمانی دووەم، یان زمانی بێگانە بەکار دێت. وەک باسم کرد، چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە هەیە، بەڵام هەموو لایەک پێویستە کاری بۆ بکەن. پەرلەمان و زانکۆکان پێویستە کاری بۆ بکەن. من بەڕاستی ڕازی نیم لە ئاستی زانکۆ تایبەتەکانیش ڕازی نیم. پێیانیشم گوتووە ئەرکی ئەوان ئەوەیە، کە مامۆستا بار بهێنن. لە ئەمریکا هەر کەسێک پێش بوونی بە مامۆستا پێویستە خولێکی یەکساڵەی وانەبێژی تێپەڕێنێت. واتە تەنیا بڕوانامەی زانکۆ بەس نییە بۆ بوون بە مامۆستا، بەڵام لێرە بەم شێوەیە نییە و پێویستە گۆڕانکاری بکرێت. 

من پێشنیارێکی دیکەشم بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشبەختانە پەسەندیش کرا. ئەویش ئەوە بوو، کە داوام کرد ڕێگەم پێ بدەن دوو قوتابخانەی حکوومی بە دەستەخوشکی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکەی خۆمان هەڵبژێرم و یارمەتییان بدەم. هەفتەی ڕابردوو چووم سەردانی یەکێک لەو قوتابخانە حکوومییانەم کرد، کارەسات بوو، 700 قوتابی لەم قوتابخانەیە بوون، لە ناوەڕاستی هەولێر، بەبێ مێز و کورسیی شیاو، بێ کۆمپیوتەر. هەربۆیە چوومە لای دەزگای خێرخوازیی بارزانی و داوای یارمەتیم لێ کردن، چونکە من دەتوانم لەڕووی سیستەمەوە یارمەتیی ئەو قوتابخانانە بدەم، بەڵام ئەوان پێویستیان بە کەلوپەلیشە. (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یش بە خۆشحاڵییەوە، ئامادەییان بۆ یارمەتیدانیان دەربڕی. 

پێم وایە دەبێت قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش هەر کامەیان چەند قوتابخانەیەکی حکوومی بە دەستەخوشک هەڵبژێرن و یارمەتییان بدەن. ئەگەر بەراوردی نێوان قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و حکوومییەکان بکەین، جیاوازییەکەیان وەک جیاوازیی شەو و ڕۆژە. دواجار ئەمانە منداڵن و بێتاوانن. پێویستە مافی یەکسانیان لە خوێندن پێ ببەخشدرێت.

 

(باسنیوز): هەندێک پێیان وایە ئەم زاڵبوونەی زمانی ئینگلیزی لە سیستەمی پەروەردەدا خۆگونجاندنە لەگەڵ بەجیهانیبوون، هەندێکیش پێیان وایە، ئەمە تای غەرببردوویی، یان کەوتنە ژێر هەژموونی ڕۆژئاوایە لەسەر حسابی بەها و فەرهەنگی خۆماڵی، ڕای ئێوە چییە؟ 

در. فرانۆ: بەدڵنیاییەوە ئێستا ڕۆژئاوا کاریگەریی زۆری لەسەر هەموو کولتوورەکان لە سەرانسەری جیهان هەیە، بەڵام پەروەردەکاران و ڕۆشنبیران پێویستە کار بۆ پاراستنی کولتووری خۆیان بکەن و پەرەی پێ بدەن. باشترین ڕێگەش بۆ پاراستنی کولتوور. پاراستنی زمانە. 

ئەو خاڵە دەکەمەوە کە ئاساییە چەندین زمان بزانیت، بەڵام ئاسایی نییە زمانی دایک فەرامۆش بکەی و زمانێکی دیکە فێر بیت. بەلای منەوە بەم شێوەیە کە هەر کەسێک زمانی دایکی بە باشی نەزانێت، ناتوانێت زمانی دووەم بە باشی فێر بێت. من بەوە خەمبار دەبم، کە دەبینم نەتەنیا لەنێو قوتابییەکانم، بەڵکوو لەنێو کارمەندەکانیشم کەسانێک هەن کوردن، بەڵام ناتوانن بە ڕەوانی کوردی بنووسن. دووبارە جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەمەوە، کە ئاساییە چەندین زمان بزانیت، بەڵام ئاسایی نییە زمانی دایک فەرامۆش بکەی و زمانێکی دیکە فێر بیت. بەلای منەوە بەم شێوەیە، کە هەر کەسێک زمانی دایکی بە باشی نەزانێت، ناتوانێت زمانی دووەم بە باشی فێر بێت.

(باسنیوز): هەروەک دەزانن لە هەرێمی کوردستان بەگشتی دوو زاراوە هەن، کە زۆرینەی خەڵکی بە یەکێک لەم دوانە قسە دەکەن، کە باسی زمانی دایک لە سیستەمی پەروەردە دەکرێت، تا ڕادەیەک کێشە دروست دەبێت. چۆن هەرێمی کوردستان لە دوورمەودا ئەم بابەتە لە پەروەردەدا چارەسەر بکات؟ 

د. فرانۆ: ئەلبانییەکانیش هەمان کێشەیان هەبوو. ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆ بە زاراوەیەک قسەیان دەکرد، کە ئەگەر چووبانە باشووری ئەلبانیا، ئەوا لەگەڵ خەڵکی لەیەک تێ نەدەگەیشتن، بەڵام لە پڕۆسەیەکی 20 ساڵەدا، ئەلبانییەکان ئەم کێشەیان بە یەکخستنی زمان چارەسەر کرد. ئێستا بە شێوەیەکە، تۆ لە هەر بەشێکی ئەلبانیاوە بیت، بە هەمان زمان دەنووسیت و دەخوێنیتەوە و هەمووشیان لێی تێدەگەن.

(باسنیوز): واتە یەکخستنی زمان بە تێکەڵکردنی زاراوەکان؟ لەم حاڵەتەدا کێ بڕیار دەدات چی ببێتە ستاندارد؟ 

د. فرانۆ: پرسیارێکی گرنگە. زمانناسان و ڕۆشنبیران پێویستە کۆ ببنەوە و پلانێک دابڕێژن، کە چۆن و بە چ شێوەیەک زمانی کوردی یەک بخەن. پێویستە کاری لەسەر بکرێت و نابێت لە زمانی یەکخراودا زاراوەیەک هەژموونی بەسەر زاراوەیەکی دیکەدا هەبێت. 

 (باسنیوز): ئەی سەبارەت بە کوردانی تاراوگە چی دەڵێن؟ نەوەی داهاتووی ئەوان چۆن زمانی دایک لەبیر نەکەن؟ 

د. فرانۆ: ئەو کات، کە لە ئەمریکا بووم، لەناو کەنیسە و مزگەوتەکان قوتابخانەی زمانمان دامەزراندبوو. من بەڕێوەبەری قوتابخانە ئەلبانییەکانی ویلایەتی میشیگان بووم. تەنانەت ئێستاش، نەوەکانی من لە لەندەن دەژین و لەوێش دەچنە قوتابخانەی ئەلبانی. نزیکەی 200 هەزار ئەلبانی تەنیا لە میشیگان دەژین و ئێمە سەنتەری کولتووریمان بۆیان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین، کە نەوەکانی داهاتوومان زمانی دایکیان لەبیر ناکەن. 

لێرەش بە هەمان شێوەیە. لێرە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەش کوردەکانی تاراوگە خۆیان پێویستە کارێک بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن، کە شتێک هەیە منداڵەکانیان بە کوردستانەوە پەیوەست بکات.

(باسنیوز): دەگوترێت پرۆژەیەکتان لە بواری زمان لە سیستەمی پەروەردەدا ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بکەن، دەکرێ ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا بکەن؟ 

د. فرانۆ: من لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە قسەم کردووە، بەڵام ئەوان ناتوانن هیچ لەم بارەوە بکەن، چونکە ناچارن پەیوست بن بە یاساکانەوە. ئەو لایەنانەی، کە پێویستە بەدەنگەوە بێن و ئەم کێشەیە بە شێوەی ڕیشەیی چارەسەر بکەن، پەرلەمان و دامودەزگاکانی دیکەن. پێویستە پەرلەمان یاساکان بگۆڕێت و سیستەمی پەروەردە بە دوو زمان لە یەک کاتدا بچەسپێنێت. بەپێی ئەو یاسایە، پێویست دەکات سەرجەم وانەکان بە دوو زمان بگوترێنەوە، یان بە شێوەی 50% بە ئینگلیز و 50% بە کوردی، یانیش ئەوەتا لە قۆناغی یەکەم بە سیستەمی 90% بە 10% دەست پێ بکات و هێواش هێواش تا قۆناغی کۆتایی بکرێتە 10% بە 90%.