هەتا ئێستا ئاكەپە 31 جار موژدەی دۆزینەوەی غازی سروستیی بە خەڵك داوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەتا ئێستا ئاكەپە 31 جار موژدەی دۆزینەوەی غازی سروستیی بە خەڵك داوە

"تەنیا بۆ پڕوپاگندەی هەڵبژاردنە"

رەجەب تەییب ئەردۆغان وەك موژدەیەكی مێژوویی بە گەلی توركیای گوت، لە دەریای رەشدا توانیویانە٣٢٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بدۆزنەوە، ئەمەش وای كرد لێكۆڵەر و میدیاكانی توركیا بۆچوونی خۆیان بخەنە روو.

 بەشێك لە میدیاكار و لێكۆڵەران، پێیان وایە ئەم هەنگاوەی توركیا مێژووییە و پێویستە هەموو توركێك شانازیی پێوە بكات، بەڵام بەشێكی تریان پێیان وایە، ئەردۆغان تەنیا بۆ پروپاگندەی هەڵبژاردن مووژدەیەكی لەو شێوەیەی داوە، چونکە ئەمە ٣١مین جارە تورکیا موژدەی دۆزینەوەی غازی سروشتی بە خەڵک دەدات.

ئەگەرچی پێشتر حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی توركیا موژدەی دۆزینەوەی گازی سروشتیان بە گەلی توركیا داوە، بەڵام لە ئەنجامدا نەیانتوانیوە هیچ بەرهەمێكی غازی سروشتی بدەنە گەلەكەیان، بۆیە توركیا لەڕووی غازی سروشتی و سامانی سروشتی، ٩٩٪ پێویستی بە دەرەوەیە، بە تایبەت رووسیا و ئێران و ئازەربایجان.

نووسەری دیاری توركیا (یاڵچن دۆغان) لە وتارێكدا باس لە ٣١ موژدەی ئاكەپە دەكات کەلە ٢٠٠٧وە تاكوو ٢٠١٩ لەبارەی دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتییەوە بە خەڵکی داوە، بەڵام هیچیان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردن و تەنیا بۆ پڕوپاگندەی هەڵبژاردن ئەو موژدانە بە خەڵك فرۆشراوەتەوە.

پێشتر بەڵینەكانی دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی لە ناوچەکانی (ئامەد، تەراكیا، مانیسیا، ئەنتاڵیا و ئیسپارتا)، تەنانەت یەكێك لە بەڵێنەكان دۆزینەوەی غازی سروشتی لە ئامەد لە ٢٠١٤ بووە کە ئەوكات گوتیان توركیا ئەوەندەی٤٠ ساڵ غازی سروشتیی دۆزیوەتەوە و ئیتر پێویستمان بە هیچ وڵاتێك نابێت کە غازی سروشتیی لێ بكڕێن.

دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە دەریای رەش زەحمەتی زۆری تێدایە، پێشتریش چەند وڵاتێک هەوڵیان داوە و شكستیان هێناوە.

نموونە لە ٢٠٠٨ رۆمانیا ئاشكرای كرد كە لە دەریای رەشدا ٦٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشییان دۆزیوەتەوە، ئەوكات كۆمپانیایەكی ئەمریكی گرێبەستی لەگەڵ رۆمانیا كرد بۆ دەرهێنانی غازی سروشتی، بەڵام ساڵی پار ئەو كۆمپانیایە نیوە بەشی خۆی لەو غازە سروشتییە بە زیان فرۆشت، چونكە وا بۆ١٠ ساڵ دەچێت نەیانتوانیوە غازی سروشتی بەرهەم بهێنن.

پیشتریش لە ٢٠٠٧ قوبرسی یۆنان رای گەیاند، كە لە دەریای سپیدا٢٥٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی دۆزینەوەتەوە و پاشان بۆ ١٩٨ ملیار مەتر سێجا كەم بووەوە و پاشان بۆ ١٢٩ ملیار مەتر سێجا و تاكوو ئێستاش هیچ بڕە غازێكی بەرهەم نەهێناوە، بۆیە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە دەریای رەش ئەوەندە ئاسان نییە.

بۆیە زۆرێك لە شڕۆڤەكاران پێیان وایە، ئەردۆغان كارتی دۆزینەوەی غازی سروشتی بۆ مەرامی سیاسی دژی ئۆپۆزسیۆن بەكار دەهێنێت، تا لەو رێگەیەوە بتوانێت هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ بباتەوە، بەتایبەت كاتێك دەڵێت لە ٢٠٢٣ غازی سروشتی لە دەریای رەش بەرهەم دەهێنین، هەمان مەبەستی هەیە.