ئاكەپە و مەهەپە سیستەمی هەڵبژاردن دەگۆڕن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئاكەپە و مەهەپە سیستەمی هەڵبژاردن دەگۆڕن

حاڵی ئاكەپە خراپە بۆیە بەو سیستەمەی ئێستا ناتوانێت ببێتەوە زۆرینە

ئاكەپە و مەهەپە بەنیازن پڕۆژەیاسایەك بۆ گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن دابڕێژن و پاشان لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێنن، یەكێك لە هۆكارەكانی گۆڕینی ئەو سیستەمەش خراپیی حاڵی ئاكەپەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا بێلایەنەكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە، ئاكەپە و مەهەپە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە لە هەڵبژاردنی داهاتوو سەرۆكایەتی و پەرلەماندا، ناتوانن ببنەوە بە زۆرینە، بۆیە دەیانەوێت ٥٠+١ نەهێڵن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی.

عەبدولقادر سەلفی نووسەر و رۆژنامەنووسی زۆر نزیك لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، باس لە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن و یاسای حیزبەكان دەكات.

سەلفی پێی وایە ئاكەپە و مەهەپە بەنیازن پڕۆژەیاسایەك بۆ گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن و یاسای حیزبەكان ئامادە بكەن، كە لەوێدا زۆر شت گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.

یەكێك لەو گۆڕانكارییانەی كە بەشێكی زۆری نووسەر و شرۆڤەكاران باسی دەكەن، ئیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، پێویست بەوە ناكات كاندید ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، بەڵكوو لە گەڕی یەكەم ئەو رێژەیە بۆ ٤٠٪ كەم دەبێتەوە.

لەلایەكی ترەوە، سەلفی باس لە گۆڕینی رێژەی بەربەستی هەڵبژاردنیش دەكات لە توركیا، كە ئێستا ١٠٪ و ئەو پێی وایە قسە هەیە بۆ ٧٪ كەمی بكەنەوە.

سەلفی نووسیویە: "ئەو پارتانەی دەچنە ناو هاوپەیمانییەوە، بەربەستی هەڵبژاردن بۆ ئەوان ١٠٪ دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو پارتانەی بەتەنیا دەچنە ناو هەڵبژاردن، بۆ ئەوان قسە هەیە كە بۆ ٧ تا ٥ ٪ كەم ببێتەوە".

كەمبوونەوەی رێژەی بەربەستی هەڵبژاردن، بۆ هەدەپە و ئەو پارتانەی كە دەنگەكانیان لە ١٠ بۆ ١٢٪ گرنگە، بەڵام ئامانجی پارتی دەسەڵات لەو گۆڕانكارییانە، ونكردنی گۆڕینی رێژەی دەنگی سەرۆكایەتییە و، دەیەوێت لەو رێگەیەوە كورسی سەرۆكایەتی بۆ ئەردۆغان مسۆگەر بكەن، لە بەرامبەردا چەند پارتێكی سیاسیی توركیا بتوانن بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنن.

بە گوێرەی زۆربەی ئەو راپرسییانەی ئەنجام دراوە، ئاكەپە و مەهەپە بە هەردووكیانەوە ناتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو ببنەوە زۆرینە، هەروەها ئەردۆغانیش ناتوانێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، بۆیە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن تاكە چارەسەرە تا ئەردۆغان كورسی سەرۆكایەتی بۆ خۆی و پەرلەمان بۆ پارتەكەی خۆی كە ئاكەپەیە مسۆگەر بكات.