بۆچی توركیا نیگەرانە جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمریکا؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی توركیا نیگەرانە جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمریکا؟

لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩، جۆ بایدن لە دیمانەیەكیدا بۆ (واشنتۆن پۆست) دژی رەجەب تەییب ئەرۆدغان قسەی کردووە و گوتوویە پێویستە ئەمریكا پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات بۆ لەكارلادانی ئەردۆغان، بەڵام بەهۆی ئەوەی گوتەكانی بایدن دوای ٨ مانگ بڵاو كراوەتەوە و توركیا لێی بێ ئاگا بووە، بۆیە میدیاكانی توركیا دوژمنایەتی خۆیان بۆ بایدن راگەیاندووە و، زۆربەی بەرپرسانی توركیاش دژی بایدن هاتوونەتە دەنگ.

 جگە لەو رەخنانەی بایدن لە ئەردۆغان، هۆكارە سەرەكییەكەی دژایەتیکردنی بایدن لەلایەن توركیاوە، پشتگیریكردنی بایدنە لە كوردانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

بۆبی گۆش نووسەری ئاژانسی (بلوومبێرگ)، لە وتارێكدا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو دژایەتیی توركیا بۆ بایدن کردووە. ئەو پێی وایە سەرەكیترین هۆكاری ئەو دژایەتییە، دڵسۆزی و پشتگیریكردنی بایدنە لە كورد.

بۆبی پێی وایە، بوونی بایدن بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، تەنیا كۆتایی بە نێوانی ترەمپ و ئەردۆغان ناهێنێت، بەڵكوو ئەردۆغان دەكەوێتە ناو شەڕەوە لەگەڵ بایدن، چونكە عادەتی ئەردۆغان وایە كاتێك لەگەڵ سەرۆكێك دەكەوێتە شەڕكردن، ئیدی بە چەندین بابەت تۆمەتباری دەكات، نموونە كاتێك لەگەڵ ترەمپ نێوانی تێك چوو، داوای كرد ناوی تاوەری ترەمپ لە ئیستانبۆل بگۆڕدرێت.

لەلایەكی ترەوە، ئاژانسی (سپوتنیك) بە هەمان شێوە باس لە نیگەرانیی توركیا بەرامبەر بایدن و بوونی بە سەرۆكی ئەمریكا دەکات.

هەمان ئاژانس باسی لەوەش کردووە پەیوەندیی بایدن و كورد، بەتایبەت لەگەڵ سەرۆك بارزانی زۆر خۆشە، هەروەها نموونەی گوتەیەكی بایدن و سەرۆک بارزانی دەهێنێتەوە، كاتێك لە ٢٠١٥ بایدن بە بارزانی گوتووە: "تەمەنی من و تۆ بایی ئەوەی تێدا ماوە دەوڵەتی كوردی ببینین".

بۆیە بۆبی باس لەوە دەكات، ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، بۆ توركیا هێزی دەوێت تا بتوانن بڕوای پێ بكەن لە سووریا و عێراق توركیا پەلاماری كورد بدات.

لە ٢٠١٤ كاتێك بایدن بووە جێگری باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، بایدن ئەردۆغان و توركیای تۆمەتبار كرد، بەوەی چەكدارانی داعش لە توركیا رەوانەی سووریا و عێراق دەكات و رێگەیان بۆ خۆش دەكات تا لەو دوو وڵاتە شەڕ بكەن. دوای ئەوەی توركیا بە توندی وەڵامی بایدنی دایەوە، ئیدی بایدن پەیوەندیی بە ئەردۆغانەوە كرد و داوای لێبووردنی لێی كرد، كێشەكانی نێوان توركیا و بایدن لەو كاتەوە سەریان هەڵدا.

بایدن یەكێك بووە لەو كەسانەی بە توندی دژی ترەمپ وەستاوەتەوە كاتێك لە رۆژئاوا كوردی بەتەنیا بەجێ هێشت تا توركیا پەلاماریان بدات و بایدن ئەوكات گوتی، خیانەتە هاوپەیمانە كوردەكانمان بەتەنیا بەجێ بهێڵین.

هەروەها بایدن دژی ئەوە بووە توركیا مووشەكی بەرگریی S400 لە رووسیا بكڕێت و دژی جموجۆڵەكانی توركیا قسەی كرد لە دەریاس سپی و، دەڵێت نابێت توركیا لەوێ بە دوای گازی سروشتیدا بگەڕێت.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، ئەگەر بایدن لە كۆشكی سپی وەكوو سەرۆكی ئەمریكا دەست بەكار بێت، نابێت ئەردۆغان چاوەڕێی ئەوە بێت پەیوەندیی تەلەفۆنی تایبەتی لەگەڵ بكات و نابێت چاوەڕێی ئەوە بكات، بایدن هەڵسوكەوتی تایبەتی لەگەڵدا بكات.

میدیاكانی توركیا باس لەو گوتەیەی بایدن دەكەن كە بە سەرۆک بارزانی گوتووە تەمەنی من و تۆ بایی ئەوەی ماوە دەوڵەتی كوردی ببینین، ئەوان ئەو گوتەیە بە مەترسی دەزانن و دەڵێن بایدن دەیەوێت دەوڵەتی كوردی رابگەیەنێت و ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەكە دروست بكات.