"لە 10 ڕۆژدا زیاتر لە هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەڕیتانیا"
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

"لە 10 ڕۆژدا زیاتر لە هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەڕیتانیا"

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت کە بەڕیتانیا هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەر لە وڵاتەکە بەردەوامە بەڵام هێشتا بە لێشاو کۆچبەر ڕوو لە وڵاتەکە دەکەن.


ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "هەرچەندە بەڕیتانیا هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەر لە وڵاتەکەی، بەڵام لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و تەنیا لە ڕۆژی هەینیدا 48 کۆچبەر بە چوار بەلەمی چوپ گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەڕیتانیا، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ فەڕەنسا یەکەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە و بەڕیتانیا بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی تەرخانکردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەوڵە".

 

ئاماژەی بە ئەوەش کرد، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە فەرەنساوە هاتوونەتە بەڕیتانیا 4500 کۆچبەرە، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندەیە.

 

گوتیشی: "لە کاتی گەیشتنی کۆچبەران بۆ بەڕیتانیا، هەموویان دەبەنە لێکۆڵینەوەی چڕ و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ژێر چاودێری هێزی دەریایدا دەبن تا کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، پاشان دەیاننێرن بۆ بینایەکی بێ خزمەتگوزاری بۆ ئەوەی شوێنی هەمیشەییان بۆ ڕێکبخەن، تاوەکو ئێستاش 20 کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا".