دیزاینەرێکی کورد: ئاواتمە لە داهاتوودا شوێنێک بکەمەوە و وەکو براندێکی کوردی کار بکەم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دیزاینەرێکی کورد: ئاواتمە لە داهاتوودا شوێنێک بکەمەوە و وەکو براندێکی کوردی کار بکەم

پەری محەمەد، خانمە دیزاینەر و هونەرمەند کە لە تەمەنی منداڵیەوە خولیایەکی زۆری بۆ دیزاین و کاری دەستی هەبووە و ئێستاش بەردەوامە لە کارکردن، دەڵێ ئاواتمە لە داهاتوودا شوێنێکی تایبەت بکەمەوە بۆ نمایشی کارەکانم و وەکو براندێکی کوردی کار بکەم.


پەری بۆ (باسنیوز) گوتی: "کارەکەم خولیای منداڵیمە و ماوەی سێ ساڵە دەستم پێکردووە و زیاتر کاری سیرامیک دەکەم و جار جارەش کاری ئۆنڵاین، لە زۆربەی کارەکاندا خودا بەهرەی پێداوم کاری بەرگدووری و چنین و جوانکاری ناو ماڵ و تاج و زۆرێکی تریش دەزانم، کاری من تەنها ئۆنلاینە و لەگەڵ هیچ فرۆشیارێکدا پەیوەندیم نیە و لە ماڵەوە کار دەکەم و هەرکەس کارەکانی ئێمەی بوێ گەیاندنمان هەیە بۆ زۆربەی شارەکان و لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە وێنەی کارەکانم بڵاو دەکەمەوە و کڕیار بەدەست دێنم".


گوتیشی: "خێزانەکەم زۆر هاوکاریم دەکەن بە تایبەت دایکم و باوکم و تا ئێستاش لە دوو پێشانگە بەشداریم کردووە و خاوەنی چەندین کاری دەستی و هونەریم، ئاواتی من ئەوەیە لە داهاتوودا شوێنێکی گونجاوم هەبێ و بتوانم کارەکانم نمایش بکەم و هەموو کارە دەستیەکانی تێدا کۆکەمەوە و وەک براندێکی کوردی کار بکەم و دەمەێت لە ڕووی مادی و مرۆییەوە سوودی لێ ببینم و بتوانێت بژێوی ژیانم دابین بکات".

هەروەها گوتی: "ڕاستە کارکردن بۆ خانمان زۆر قورسە و دەستم بەهەموو شتێک ناگات زۆر جار ئەو شتەی کڕیار داوای دەکات لەماڵەوە نیمە هەندێک جار بۆ چەند مووروویەک دەبێ سەردانی شارێکی تر بکەم و ناخۆشترین شتیش ئەوەیه کەسانێک داوای کۆمەڵێک کارم لێدەکەن من چەندین ڕۆژ ماندوو دەبم تا کارەکانیان بۆ ئامادە بکەم ئەو کاتەی کە ئامادەیە و دەمەوێ بۆیان بنێرم خۆیان ون دەکەن و نایەن بۆ وەرگرتنی کەلوپەلەکان".


پەری دەشڵێ: "زۆر کەسم فێری کارەکەم کردووە، کەرەستەکانیشم بەپێی کارەکانمە و هەندێکی بە دەگمەن دەستم دەکەوێ لە دەرەوەی وڵاتەوە داوای دەکەم، بۆ کاری چنین زۆرێک لەشتەکان لەشارەکان دەست دەکەوێت هەرچەندە بۆ من هەر کەمێک زەحمەتە دەبێ لەشارەکانەوە داوای شتەکان بکەم بۆم بێنن، بەڵام کارم بۆ هەر کەس کردبێت بە دڵی بووە".


دەشڵێت: "هەر کارێک بەهرەت نەبێ ناتوانی سەرکەوتوبیت تیایدا و هەر کچێک دەیەوێت سەرکەوتووبێت پێویستە هونەر و بەهرەی خۆی بدۆزێتەوە".