له ‌یادی 16ی ئاب دا.. پارتی پارچه‌یه‌كی زیندووه‌ له‌ مێژووی كورد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

له ‌یادی 16ی ئاب دا.. پارتی پارچه‌یه‌كی زیندووه‌ له‌ مێژووی كورد

پارتی دیموكراتی كوردستان مێژووه‌كه‌ی بووه‌ به‌ پارچه‌یه‌كی زیندوو له‌ مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان به‌ درێژایی نزیكه‌ی 75 ساڵی رابردوو.

دامه‌زراندنی پارتی زەروورەتێكی حه‌تمیی بوو بۆ ئه‌وكاته‌ی دامه‌زرا، پێش دروستبوونی پارتی، له ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، زۆر پارت و ڕێكخراو دامه‌زران، چ له‌سه‌ر ئاستی باشووری كوردستان یان عێراق، بەڵام هیچ كام له‌و حزبانه‌ نه‌یانتوانی جه‌ماوه‌ر و گه‌نجان و تێكۆشه‌ران له ‌خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، بە شێوەیەك بتوانن متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بێنن و خەڵك حزبه‌كه‌ به‌هی خۆیان بزانن، بەڵام كه‌ پارتی‌ دامه‌زرا، توانی ببێته‌ جێگەی متمانه‌ی ته‌واوی خەڵكی باشووری كوردستان و هیچ ڕێكخراو و حزبێكیتر نه‌یتوانی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ ململانێی پارتی بمێنێتەوە. لێرەدا خوێنه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی بۆ دروست ده‌بێت كه‌ ئایا چی وای كرد پارتی به‌ ئاسانی بتوانێت جه‌ماوه‌ر و تیكۆشه‌ران به ‌جیاوازیی ئایدیۆلۆژیا و بیروبۆچونیان له ‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌؟ بێگومان هۆكار زۆرن كه‌ هه‌ندێكیان لێره‌دا باس ده‌كه‌ین:

1- پارتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ‌كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی خۆی، مەلا مسته‌فا بارزانی كرده‌ سه‌رۆكی پارته‌كه‌، جه‌ماوه‌ریكی زۆر ته‌نها له‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی مەلا مسته‌فا بارزانی بۆ پارته‌كه، خۆشه‌ویستیی پارتیی كه‌وته‌ دڵیان، چونكه‌ ده‌مێك بوو مەلا مستەفا بارزانی ببووه‌ سیمبولی به‌رخودان و ڕزگاریخوازی و له‌نێو گه‌لی كوردستاندا، ئه‌ستێره‌ی بارزانی زۆر دیار و گه‌شاوه‌ بوو.

2- حزب و ڕێكخراوەكان كه‌ له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ هه‌بوون، پێش گرێدانی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی پارتی، هه‌موویان خۆیان هەڵوەشاندەوە و چوونه‌ نێو ڕیزه‌كانی پارتی.

3- گه‌لی كورد زۆر نائومێد ببوو له‌ ئاكامی شكست و دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشه‌كانی كورد له ‌هه‌موو ناوچه‌ و پارچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان كه‌ زۆرینه‌یان به‌ ئاگر و ئاسن دامركێندرابوونه‌وه‌، بۆیه‌ خەڵك پێی وابوو پێویستە له‌ پاڵ شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری ڕێكخستنێكی حزبی پته‌و و تۆكمه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌موو هێز و تواناكانی گه‌ل ڕێكبخات و له ‌خزمه‌ت بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان بەكاری بهێنێت.

4- پله‌داره‌ سه‌ربازییه‌ به‌ناوبانگه‌كان هه‌ر زوو په‌یوه‌ندییان به‌ پارتی كرد له ‌ته‌كیاندا باشترین كه‌سه‌ ڕۆشنبیره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م په‌یوه‌ندییان به‌ پارتی كرد و ڕۆژنامه‌ی زمانحاڵی پارتی خزمه‌تێكی باشی كرد بۆ ئه‌وه‌ی خەڵك ئاگادار بكاته‌وه‌ له ‌كار و چالاكییه‌كانی پارتی.

5- ڕاسته‌ حزب ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراوی ته‌به‌نی كردبوو، بەڵام فه‌لسه‌فه‌ و دیدی پارتی واخۆی زه‌ق كرده‌وه‌ كه‌ حزبێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌‌.

6- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی مه‌لا مسه‌فای بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی خۆی ناساند، بووه‌ میراتگری هه‌موو رابردووی پڕشانازی و خه‌باتی پڕسه‌روه‌ری و قوربانیی بارزانییه‌كان هه‌ر له‌ شێخ عەبدولسەلامەوە تا دەگاتە شێخ ئەحمەد و مه‌لا مسته‌فای بارزانی،  بۆیه‌ پارتی له ‌سفره‌وه‌ ده‌ستی پێنەكرد، بەڵكوو له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا خاوه‌ن ڕابردوویه‌كی پڕشنگدار بوو.

7-ئه‌و كاته‌ی پارتی دامه‌زرا كه ‌16ی ئابی 1946بوو، پاش كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م بوو، قۆناغی هەڵسانەوەی میلله‌تانی ژێرده‌ست و شۆڕشی ئازادیخوازان بوو.

8- پارتی حزبێك نه‌بوو به ‌په‌له‌په‌ل دامه‌زرا بێت و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی موجازەفەی كردبێت له ‌دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌، بەڵكوو به‌ دیراسه‌تكردن و ڕاوێژكردن دامه‌زرا، له ‌سه‌ره‌تای مانگی شوباتی 1946 ڕه‌شنوسی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و پرۆگرامی پارتی دانراوه‌، دووجار له‌ باشووری كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانی بارزانی نه‌مر كراوە كه‌ ئه‌و كات بۆ پشتگیریی كۆماری مەهاباد له‌ رۆژهەڵاتی كوردستان بوو، هه‌روه‌ها بە ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ قازی محەمەد، بارزانی نه‌مر بڕیاری دا پارتی دیموكراتی كوردستان دابمه‌زرێنێت.

ئه‌و هۆكارانه‌ هه‌موو بوونە هۆی ئه‌وه‌ی له ‌ماوه‌یه‌كی كورتدا جه‌ماوه‌ر به ‌گشتی ڕوو له ‌پارتی بكات و پارتی به‌حزبی خۆی بزانێت. ئه‌وه‌ بوو به تێپەڕبوونی چه‌ند ساڵێك، پارتی ڕێكخراوه‌ جه‌ماورییه‌كانیشی دامه‌زراند كه‌ لە ۆنگره‌ی سێیه‌می حزبەكە بڕیاردرا یه‌كێتییه‌كانی (ئافره‌تان ، قوتابیان و لاوان) دابمه‌زرێن. ئەمەش ئاماژه‌یه‌ بۆ فراوانیی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی پارتی.

له‌دوای ئه‌وه‌ ده‌بینین له‌ باشووری كوردستان پارتی تا ماوه‌یه‌كی زۆر 1946تا 1976 ته‌نها تاكه‌ حزب بوو له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و له‌م ماوه‌یه‌دا پارتی خزمه‌تی زۆر مه‌زنی پێشكه‌ش به‌ گه‌لی كوردستان كرد كه ‌له ‌هەموویان گرنگتر ئه‌م خاڵانەی خواره‌وه‌ بوون:

1-پارتی نه‌یهێشت گه‌لی كوردستان نائومێد ببێت له‌ ئاكامی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەی پێش دروستبوونی پارتی هه‌ڵگیرسابوون، وه‌ك شۆرشەكانی (شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ محمودی نه‌مر، ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌م و دووه‌می بارزان، كۆماری مهاباد و....هتد).

2-پارتی توانی وزه‌ و تواناكانی گه‌لی كوردستان له ‌باشووری كوردستان یه‌كبخات.

3-پارتی توانی ڕۆشنبیران و خوێنده‌وارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له ‌ده‌وری ئاڵای خۆی كۆبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری و زه‌مینه‌سازی بكات تا له هەلێكدا شۆڕش دەست پێبكەن.

4-پارتی لە پاڵ كاری سیاسی، به ‌دامه‌زراندنی ڕێكخراوە جه‌ماوه‌رییه‌كان، توانی خه‌باتی ڕیكخراوه‌یی دروست بكات و دابمه‌زرێنێ.

5- پارتی توانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی لۆكاڵییەوە بكاته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی كوردستانی.

6- -پارتی توانی دۆزی ره‌وای كورد به‌ جیهان بناسێێت و له‌ قه‌زیه‌كی ناوخۆیی عیراقییەوە بیكاته‌ كیشه‌یه‌كی نێودەوڵەتی و له‌ كۆنگره‌ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا باسی كورد بكرێـت.

7-پارتی سه‌ركردایه‌تیی گه‌وره‌ترین و درێژترین شۆڕشی كوردی كرد له ‌11ی ئه‌یلولی 1961 تا ڕێككه‌وتننامه‌ی 6ی ئازاری1975ی جه‌زائیر كە له‌ نێوان عێراق و ئێران بەسترا.

8-پارتی توانی یه‌كه‌م ڕێككه‌وتنامه‌ی دۆكیۆمێنتكراو بۆ كورد به‌ده‌ست بێنێ و چۆك به‌ ڕژێمی به‌عسدا بدات له ‌11ی ئاداری 1970 و ئۆتۆنۆمی بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكات.

9-له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول، پارتی جارێكیتر به‌ گوڕ و تینێكی به‌هێزه‌وه‌ هه‌ڵسایه‌وه‌ و شۆڕشی گولانی نیشتیمانیی پێشكه‌وتنخوازی به‌رپا كرد له ‌26ی 5ی 1976.

10- پارتی لایه‌نی سه‌ره‌كیی پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی بوو.

11- پارتی دینه‌مۆی راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان بوو له ‌به‌هاری 1991.

12- پارتی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی هەڵبژاردنی گشتی له ‌كوردستان و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی هەرێم بوو له ‌1992.

13-پارتی رۆڵێكی باڵای هه‌بوو له ‌یه‌كخستنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیكتاتۆریی عێراق و رژێمی به‌عس.

14- له ‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس، پارتی رۆڵی هه‌بوو له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق كه‌ تێیدا سیسته‌می فیدراڵی بۆ عێراق چەسپێندرا و زۆرینه‌ی مافه‌كانی كوردی تێیدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌.

15-پارتی هه‌مووكاتێك له ‌به‌رپرسیارێتی ڕاینه‌كردووه‌ و گه‌لی كوردستانی جێنه‌هێشتووه‌ و له‌گه‌ڵ ئێشوئازاره‌كان بووه‌ و به‌رگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی گرتووه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م هەڵوێستانەشی باجی زۆری دابێت.

16-پارتی به ‌هه‌موو توانای شه‌ڕی تیرۆرستانی داعشی كردووه‌ و ئەفسانەی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمەرگە و بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی تێكشكا.

17-پارتی خاوه‌نی ڕیفراندۆم و سه‌ركه‌وتنی ده‌نگی (به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان)ە له‌ 25ی 9ی 2017.

18-پارتی خاوه‌نی داستانی پردێ و سحێلایە كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ پیلانی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر پاراست.

19-پارتی له مێژووی خۆیدا زۆرترین هاوكاری پێشكه‌ش بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له ‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان كردووە.

20- پارتی وه‌كو پرەنسیپێكی چه‌سپاو له ‌مێژووی خۆیدا، هه‌رگیز سازشی له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان و خاكی كوردستان نه‌كردووه‌.

هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وت سه‌ركه‌وتنانه‌ی پارتیش بۆ حیكمه‌ت و دانایی هه‌ردوو سه‌رۆك (مەلا مسته‌فا بارزانی و سەرۆك مەسعود بارزانی) دەگەڕێتەوە كه‌ ئه‌وانیش هه‌موو ده‌م و له ‌كاتی سه‌ركه‌وتن و نوشست و ئاهه‌نگ و هه‌موو بۆنه‌یه‌ك، یادی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و درود بۆ گیانی به‌رزه‌فڕ و پاكیان ده‌نێرن.