ئێران: رێککەوتنەکەی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل گەمژەیی ستراتیژییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئێران: رێککەوتنەکەی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل گەمژەیی ستراتیژییە

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێککەوتنی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو لەگەڵ ئیسرائیل بە ”گەمژەیی ستراتیژی“ ناو دەبات.

لە بەیاننامەیەکدا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 14-8-2020 دەرکراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەو رێککەوتنە ”بەبێ هیچ گومانێک“، بەرەی دژە ئیسرائیل بەهێز دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رێککەوتنەکەی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل بە ”گەمژەیی ستراتیژی“ ناو دەبات و رایدەگەیەنێت، گەلی فەلەستین و گەلانی ئازادیخواز ”لەو رێککەوتنەی ئیمارات خۆش نابن“.

هەر لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕاستەوخۆ ئیماراتی بە خیانەتکردن لە کێشەی فەلەستین تۆمەتبار کردووە و رایگەیاندووە، ئەو خوێنەی بە درێژایی حەوت دەیە بۆ رزگارکردنی فەلەستین رژاوە، زوو بێ یان درەنگ، بەرۆکی خیانەتکارانی کێشەی فەلەستین دەگرێت.

وەزارتی دەرەوەی ئێران هەموو دەرەنجامەکانی ئەو رێککەوتنە دەخاتە ئەستۆی ئیمارات و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و هۆشداریشی داوە لەوەی ئەو رێککەوتنە ببێتە هۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە کێشەکانی کەنداوی عەرەبی.

رۆژی پێنجشەممە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.