ئاودەنگ محەمەد: خولیام بۆ کاری دیزاین بووەتە بژێوی ژیانم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئاودەنگ محەمەد: خولیام بۆ کاری دیزاین بووەتە بژێوی ژیانم

ئاودەنگ محەمەد، کچە دیزاینەری دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێ، کە ماوەیەکە دەستی کردووە بە کاری دیزاین و وەکو یەکەم کچی گوڵفرۆش و دیزاینەر دەرکەوتووە لە سنوورەکە.
ئاودەنگ بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەم کارەم خولیای منە، هەمیشە حەزم لە کارە دەستیەکان بووە و خولیاکەمم کردووە بە بژێوی ژیانیشم، نزیکەی نۆ مانگە دەستم بە کاری دیزاین کردووە، سەرەتا لە ماڵەوە دەستم پێکرد بەشێوەی ئۆنلاین، دواتر بیرم کردەوە بۆ زیاتر ناساندنی کارەکەم دووکانم دانا و دەستم کرد بە کاری گوڵ فرۆشتن لەسەر شەقام گوڵ فرۆشیم کرد، یەکەم کاری گوڵ فرۆشیم لە 14/2/2020 بوو، دوای ئەوە زیاتر کارەکەم ئاشنابوو بە خەڵک".

گوتیشی: "زیاتر لەبواری سندوقی دیاری و ئەلبووم کاری دیزاین دەکەم، چونکە ئەوە خواستی زیاتری لەسەرە و دیزاینی ھەموو بۆنەیەک دەکەم لەسەر خواستی داواکار دیزاین دەگۆڕم، دیزاینی بۆنەکانیش خواستی کەمتری لەسەرە لە ناوچەی ئێمە، خێزانەکەم و خاڵم زۆر ھاوکارمن و زیاتر ھانمدەدەن بۆ بەرەو پێش چوونم، ھەرکارێک بیکەم بە یارمەتی خاڵم دەیکەم".

ئاودەنگ زیاتر گوتی: "ئامانجی من لەم کارەدا، دەمەوێت بەرەو پێشچوونێک دروست بکەم لە کۆمەڵگای خۆمان، ئێمەش ھیچمان کەمتر نییە لە کۆمەڵگای جیهان، کۆمەڵگایەک پڕ گوڵ و ڕازاوە بێت خەڵکی خەیاڵ بکەن بۆ ڕۆژە تایبەتەکانیان بە ڕازاوەترین شێوە و لە خزمەتی خەڵکی شارەکەم بم، بەڵام ھەر کارێک قورسایی خۆی ھەیە و زۆر بەربەست ھاتۆتە پێشم، بەڵام چونکە کارەکەم خولیای منە کۆڵم نەدا، هەندێجار لە ڕۆژێکدا بۆ یەک پێداویستی دیزاین ھەموو شارم کردووە، زۆر ماندوو بووم تا گەشتووەم بەو ئاستەی ئێستام".


گوڵ و پەردە و کەلوپەلی جوانکاری ماڵ بۆ سەر مێز، ئەو کەرەستانەن کە ئاودەنگ لە دیزاینەکانیدا بەکاریان دێنێت، دەشڵێت: "کەلووپەلەکانمان بە ئاسانی بەدەست نایەت، ھەم لە ڕووی نرخەوە نرخیان زۆرە، ھەم قەڵادزێ شارێکی بچوکە ھەموو کەلوپەلەکان دەست ناکەوێت، زۆر جار لە ھەولێر و سلێمانی دەبێت داوای بکەم، کاریشم بۆ ھەر کەسێک کردبێت بە خۆشەویستیەکی زۆرەوە کردوومە".


گوتیشی: "کاری دیزاین ئەگەر خولیات نەبێت ناتوانی سەرکەوتوو بیت، پێویستە ھەر کچێک کە ١٨ ساڵی تێپەڕاند بیر لە کارێک بکاتەوە و خولیای خۆی لە کارەکەدا بدۆزێتەوە، پێیان دەڵێم مەترسن دەست پێبکەن، سەرەتا قورسە ئەگەر دەستتان پێی کرد ئاسان دەبێت".