وەزارەتى کار: لە هەوڵداین بڕە پارەیەکی مانگانە بۆ خێزانە هەژارەکان دابین بکەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتى کار: لە هەوڵداین بڕە پارەیەکی مانگانە بۆ خێزانە هەژارەکان دابین بکەین

"لە 150 هەزارەوە دەستپێدەکات و بۆ هەر منداڵێکیش 25 هەزار دینارى دەچێتە سەر"

بەرپرسێکى وەزارەتى کارى حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە ئامانجى سوودمەندبوونى خێزانە کەمدەرامەتەکان وەزارەت لە هەوڵدایە بڕە پارەیەک بۆ ئەوکەسانەى مەرجى هەژارییان تێدایە ببڕێتەوە، کە لە 150 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.

فوئاد سدیق، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بە هۆى قەیرانى داراییەوە لە ساڵى 2014 ەوە ئەو بڕە پارەیە 150 هەزار دینارەى کە وەک هاوکاریى مانگانە بە خێزانە کەم دەرامەتەکان دەدرا راگیرا،وەزارەتى کار بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەوەى بتواندرێت بەپێى سیستەمێکى تازە و پێوەرى نوێ هاوکاریى ئەو خێزانە بکات کە بارى داراییان خراپە، چونکە بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕناوە ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتیان کارەکانیان لەدەست دا".

راشیگەیاند: "ئەو بڕە پارەیە کە کاتى خۆى بە خێزانە هەژارەکان دەدرا وەکو پێویست خەڵکى شایستە لێى سوودمەند نەبوون، چونکە کەسانى ناشایستە ناویان کرابووە لیستەکانەوە، بەڵام ئەمجارە بەپێى چەندین پێوەر و لە رێگەى لێژنەى تایبەتەوە کە لە کەسانى شارەزا و توێژەرانى وەزارەتەوە پێکهاتوون،ناوى ئەو کەسانە تۆمار دەکەن کە شایستەن و مەرجەکانیان تێدایە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" پێویستە ئەو کەسەى لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبێ هیچ مووچەیەک و داهاتێکى نەبێت و بێکار بێت، یان ئەو داهاتەى هەیەتى بەشى پێداویستى رۆژانەى نەکات، یان ئەوکەسانەى پیر و پەککەوتەن و بەتەنیا دەژین و هیچ سەرچاوەیەکى داهاتیان نییە، بۆ هەر خێزانێک یان کەسێک بڕى 150 هەزار دینار دیاریکراوە،بۆ هەر منداڵێکیش 25 هەزار دینار، واتا بەپێى زۆرى و کەمى ژمارەى خێزانەکان بڕى هاوکارییەکە گۆڕانکارى بەسەدا دێت".

ئەوەشى خستەڕوو" پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانە دواى تاوتوێکردنى ئەگەر ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەسەر بدات، پڕۆژەکە دەچێتە بارى جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش پەیوەندى بە باشتربوونى بارودۆخى داراییەوە هەیە".