وەزیرێكی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی كۆددار ئاراستەی كازمی دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیرێكی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی كۆددار ئاراستەی كازمی دەكات

تێیدا باسی كتێبی پیرۆز و پێغەمبەر محەمەد و ئیمامی عەلی دەكات

وەزیرێكی مەسیحیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی كۆددار ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات.

ئانۆ عەبدۆكە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا كە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردۆتەوە، وتەیەكی نێو كتێبی پیرۆزی مەسیحییەكانی ئاماژە پێداوە “الأيمان بدون اعمال ميت” كە باس لەوە دەكات، ئیمان بەبێ كردار، مردووە.

هەروەها وتەیەكی عەلی كوڕی ئەبو تاڵیب، خەلیفەی ڕاشیدینی ئاماژە پێداوە كە دەڵێت: “اجعل نفسك ميزانا فى ما بينك وبين غيرك. فأحبب لغيرك ما تحب لنفسك، واكره له ما تكره لها"، لەمەشدا ئیمامی عەلی داوا دەكات موسوڵمانان ئەوەی بۆ خۆیان پێخۆشە، بۆ خەڵكیتریش پێیانخۆش بێت و بەپێچەوانەشەوە.

هاوكات فەرموودەیەكی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)یشی هێناوەتەوە كە دەڵێت: ”لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى يُحِبَّ لِأَخِيهِ مَا يُحِبُّ لِنَفْسِهِ" كە باس لەوە دەكات، ئیمانی هیچ یەكێك تەواو نابێت تا ئەو. كاتەی ئەوەی بۆ خۆی پێخۆشە، بۆ براكەشی (مەبەست برای ئایینییە) پێی خۆش نەبێت.

ئەم نووسینەی وەزیری گواستنەوە دوای ئەوە دێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراقی فیدراڵی بەوە تۆمەتبار كرد كە دەستی دەستی بە بابەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە دەكات، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان بە سەرجەم ئەو بابەتانە ڕازی بووە كە لە بارەی نەوت و دۆسیەی داراییەوە گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردۆتەوە كە ئەم كارەی حكوومەتی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی نەتواندرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت و لە ئەنجامیشدا كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر بژێویی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە.