سەرکردەیەکی گۆڕان: بەرھەم ساڵح پۆستەكەی بۆ بەرژوەندییە كەسی و حزبییەكانی سەر بە خۆی بەكاردێنێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی گۆڕان: بەرھەم ساڵح پۆستەكەی بۆ بەرژوەندییە كەسی و حزبییەكانی سەر بە خۆی بەكاردێنێ

”تا ئێستا چ كێشەیەكی لە قازانجی كورد چارەسەر كردووە؟“

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، سەركۆماری عێراق پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكانی خۆی بەكار دەهێنێت.

نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، هەرچەندە پۆستی سەرکۆماری عێراق، پۆستێکی تەشریفاتییە، بەڵام سەركۆمار ھەندێک کارتی لەبەردەستدایە و دەتوانێت پێداگری لە مافی کورد بکات. گوتیشی: ”بەداخەوە ئەوان کاتێک دەڕۆنە بەغدا، تەنھا ئیش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و پرسە نیشتمانییەکان فەرامۆش دەکەن“.

ئەو سەركردەیەی گۆڕان پێیوایە كە بەرپرسانی كورد لە بەغدا کاریان بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد نەکردووە و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان و دەستکەوتی حزبی ئیشیان کردووە، بۆیە ”خودی بەرھەم ساڵح لەچوارچێوەی ئەو کەسانەدایە“.

نزار مەحمود، ئاماژەی بەوەش کرد، بەرھەم ساڵح تا ئێستا چ کێشەیەکی لە قازانجی كورد چارەسەر كردووە؟ ”ئێمە کێشەی ناوچە دابڕێندراوەكان و کێشەی مووچە و کێشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدامان ھەیە، ئایا تائێستا کێشەی تەعریب ڕاگیراوە؟ ئایا بۆ تەنھا جارێک سەردانی کەرکووک و ناوچە كوردستانییەكانی کردووە؟ بێگومان نەخێر، کەواتە بەرھەم ساڵح پۆستی سەركۆماری عێراق بۆ بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكانی خۆی بەكار دێنێت“.

ئەم لێدوانەی ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان پاش ئەوەی هات كە رۆژی چوارشەممە ١٢ی ٨ی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داوای لە سەركۆمار و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، داكۆكی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن و نیگەرانی بەرامبەر هەڵوێستی نەرێنیی حكوومەتی عێراق دەربڕی كە لە كاتێكدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە پێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەموو مەرجەکانی حکوومەتی فیدراڵی کە لە چوارچێوەی دەستووردان قەبووڵ کردووە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵیی عێراق زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.