سێیەمین كۆبوونەوەی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بەڕێوە دەچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سێیەمین كۆبوونەوەی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بەڕێوە دەچێت

نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێریی كۆبوونەوەكە دەكات

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە دوایین هەنگاوەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكات و دەڵێت بەمەبەستی كۆتاییهاتن بەو دۆخە نەخوازراوەی پارێزگاکە، ئەمڕۆ بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان سێیەمین كۆبوونەوەی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بەڕێوە دەچێت.

لەمبارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/8/2020، دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەیەكە كۆبوونەوەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لێرەو لەوێ لە نێوان پێكهاتەكانی كەركووك هەیە و مەبەست لە بەردەوامیی ئەو گفتوگۆیانە بۆ ئەوەیە بگەینە ئەنجامێك بۆ ئەوەی كۆتایی بەو بارودۆخە نەخوازراوەی كەركووك بهێندرێت".

ئەو بەرپرسە، ئەوەشی خستە ڕوو: "كۆبوونەوەی لیژنەی ئاساییكردنەوەی كەركووك بەردەوام دەبێت تاوەكوو دەگەنە رێككەوتن و دواجار ئەوەیە كە هەمووان پێكەوە بە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەوە لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی شارەكە رێك بكەوین و گرفتەكان پێكەوە چارەسەر بكەین و مەبەستمانە كەركووكییەكان كەركووك بەڕێوە ببەن و كۆتایی بە دەسەڵاتیی سەربازی لە شارەكە بهێندرێت".

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/8/2020، لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوەیەكی لیژنەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك بە بەشداریی گشت پێكهاتەكانی كەركووك بەڕێوە بچێت.

ئەوەش زانراوە، پێكهاتەكانی كەركووك لەسەر زۆر لایەنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كەركووك گەیشتوونەتە ئەنجامی باش، تەنیا رێككەوتنی كۆتایی ماوە.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 حەشدی شەعبی كەركووكیان داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی كەركووك لە هەموو روویەكەوە تێك چووە و ئێستاش هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە دەدرێت.