جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای بەردەوامی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەکا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای بەردەوامی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەکا

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پەلە بکەن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان.

رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/٨/١٣ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، پەلە بکەن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیشیان، بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن و کێشەکان لە چوار چێوەی دەستووردا چارەسەر بکەن.

داواکارییەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە دوێنێ چوارشەممە ١٢ی ٨ی ٢٠٢٠، دوو بەیاننامە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقەوە سەبارەت بە پابەندییە دەستوورییەکانی هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بڵاوکرانەوە.
بەشیر حەداد، داواش لە هەردوولا دەکات، بەردەوامی بدەن بە کۆبوونەوەکانیان و تەواوکردنی ئەو رێککەوتنامەیەی کە لە نێوان هەردوولادا کرابوون بەپێی دەستوور و یاسا بۆ چارەسەرکردنی کۆی بابەتەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە زەرەرمەندی سەرەکی لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکان و نەگەیشتن بە رێککەوتن، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو لەسەر حکوومەتی فیدراڵی پێویستە پابەندبێت بە دابینکردنی شایستەداراییەکان و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان وەک چۆن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابینی دەکات و لەبەرامبەریشدا پێویستە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە باپەندییە دەستوورییەکانی و لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا بگەنە رێکەوتنێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر.