بڕیاری دروستکردنی 11 ناوچەی پیشەسازی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بڕیاری دروستکردنی 11 ناوچەی پیشەسازی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە

بەرپرسێکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد دروستکردنی ١١ ناوچەی گرنگی پیشەسازی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و بەھۆیەوە ھەزاران ھەلی کارکردن دەڕەخسێنێت.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری کارگێڕیی و یاسایی دەستەی وەبەرھێنان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای بڕیاردان لەسەر  دروستکردنی 11 ناوچەی پیشەسازی، ئێستا پێویستی و کارەکانی دروستکردنی ئەو ناوچە پیشەسازییانە لە ناوەندی پارێزگاکان و ئیدارە و ھەندێک قەز تەواو بووە کە بڕیارە لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە جێبەجێ بکرێن".

گوتیشی: "پلانەکە بە شێوەیەک دانراوە کە دوای تەواوبوونیان، لەلایەن کۆمپانیای تایبەتەوە  تەواوی خزمەتگوزاری و پێویستییەکان بگەیەندرێنە ھەریەکە لەو ناوچە پیشەسازییانە".

ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بەوەش کرد: "ھەر یەکە لەو ناوچە پیشەسازییانە پێکدێن لە دەیان کارگەی گەورە و مامناوەند و بچووکی بەرھەمھێنانی پێویستی و مادە جیاوازەکان کە بەھۆیەوە کەرتی پیشەسازیی ناوخۆ بەھێز دەبێـت و ھەزاران ھەلی کاریش دەڕەخسێت و وردەوردەش پێویستیی ھاوردەکردنمان کەم دەکەینەوە".