نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پشتە: بارەكانی ئێمە ڕەت دەكرێتەوە و دواتر هەمان بار لەلایەن خەڵكیتر دەهێنرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پشتە: بارەكانی ئێمە ڕەت دەكرێتەوە و دواتر هەمان بار لەلایەن خەڵكیتر دەهێنرێتەوە

"باج و سەرانەی جیا لە شۆفێرانمان وەردەگرن و بەو هۆیەوە مەرزەكەمان داخستووە"

ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرانی مەرزی پشتە كە دەكەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، مەرزەكەیان داخست.

بێستوون گلەزەردی، نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پشتە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 12/8/2020 وەك شۆفێرانی مەرزی پشتە كە ژمارەمان 500 شۆفێر دەبێت، مەرزەكەمان داخست و هۆكاری مانگرتنەكەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمپانیایەكی نایاسایی لە مەرزەکە بووەتە هۆی رەتكردنەوەی بەشێكی زۆری بار و شمەكەكانیان، لە كاتێكدا هەمان ئەو شمەكانە لە مەرزەكانی تری كوردستانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن."

گوتیشی: "ئەو كاڵایانەی كە ئێمە دەیهێنین و رەت دەكرێتەوە دەبینین، پاش دوو رۆژ لە مەرزەكانی پەروێزخان یا خود پشتەوە لەلایەن بازرگانانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن."

نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پشتە ئەوەشی خستە ڕوو: "بەهۆی نافەرمیبوونی مەرزەكەوە، ئەو كۆمپانیا نایاساییە باج و سەرانەی جیا لەو رێژەیەی کە دیاری كراوە، دەسەپێنن بەسەر شۆفێرەكاندا."

بەرپرسانی (كۆمپانیای لۆكس جێنس) کە بە شێوەی نایاسایی لە مەرزەکەن و لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نزیکن، ئامادە نەبوون لەمبارەوە لێدوان بدەن.

ئێستا بەهۆی ئەو نارەزایەتییانەوە مەرزەكە داخراوە.