محەمەد رەئووف: بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی كار لەسەر لیستێكی تازە دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

محەمەد رەئووف: بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی كار لەسەر لیستێكی تازە دەكەن

”هەڵبژاردنی داهاتوو لە زیانی حزبە بچووكەكان دەبێت“

جێگری پێشووی بەرهەم ساڵح لە كاتی سه‌رۆكایەتیكردنی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاشكرای كرد كە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی كار لەسەر لیستێكی تازە دەكەن.

محه‌مه‌د ره‌وف، جێگری پێشووی سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە پاش گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەكێتی، ناوەكەی بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی گۆڕدرا، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هه‌ڵبژاردنی پێشوەختە له‌ عێراق ده‌كرێت، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی ئێران پشتیوانی لە هەڵبژاردنەكە دەكات و تائێستا نیگەرانی دەرنەبڕیوە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەگەر كوردیش ڕازی نەبێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق هەر دەكرێت. بە دووریشی نەزانی، هاوكێشەی سیاسی بە شێوەیەكی ڕێژەیی لە عێراق بگۆڕێت، ئەگەر بەپێی یاسا تازەكە هەڵبژاردن لە عێراقدا بكرێت.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەرهەم ساڵح خۆی بۆ هەڵبژاردنەكە ئامادە دەكات و ”لەگەڵ مستەفا كازمی لەسەر هێڵە، لەگەڵ بەشێكی سوننە و شیعەكانیش لەسەر هێڵن و كار لەسەر ئەوە دەكەن كە لیستێكی تازەیان هەبێت كە خەڵكێك لە كوردستانیش لەگەڵیاندا لەسەر هێڵە“.

ئەو سیاسەتمەدارە كە پێشووتر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش بووە، بۆ (باسنیوز) جەختی كردەوە كە ئەو دۆخە تازەیەی لە عێراق دێتە ئاراوە، كاریگەری لەسەر ناوەڕاست و باشووری وڵاتەكە دەبێت، بەڵام لە كوردستان كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، چونكە ”ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به ‌یاسا نوێیەكە بكرێت، به ‌ئاسانی خه‌ڵكی دیكه‌ ناتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌نگ بهێنن و حزبه‌ بچووكەكان زەرەریانە“.

پێشتر عەبدوڵا عەلی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، “لەبارەی لیستەكەی كازمییەوە، قسەیەكی وامانبیستووە كە د. بەرهەم ساڵحیش كاندیدی ئەو لیستەیە”.

بەرهەم ساڵح بێهیوا بووە لە کوردستان بەهۆی ئەوەی کە بەڵێنی پێدرابوو بکرێتە سکرتێری گشتیی (ینک)، بەڵام کە کۆنگرە کراو ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکرا، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە لە دوای تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتی کۆمار کۆتایی بە ژیانی سیاسی بهێنێت، بەڵام ئێستا پلانێکی ژێر بەژێری لەگەڵ مستەفا کازمی داڕشتووە کە لە ڕێگەی بەغدا بگەڕێتەوە ناو ژیانی سیاسی، ئەویش بە دامەزراندنی لیستێکی هاوبەش لەگەڵ کازمی کە لە زاخۆ تاوەکو بەسرە کاندیدیان هەبێت.
بەشێک لە چاودێرانیش پێیانوایە ئەوان کاتێکیان هەڵبژاردووە کە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و لە بەرژەوەندی کوردستاندا نابێت، کورد بە یەکگرتوویی نەچێتە هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە.
بەڵام سەرچاوەکانی زانیاری ئاشکرای دەکەن کە هەریەک لە مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵح سەرقاڵی ئەوەن کە ئەو دۆخە خراپەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن بەتایبەتی لەو کاتەی کە خەڵک ناڕازیە، هەر لە ئێستاشەوە بە پلانی میدیایی کاریگەریان خستووەتە سەر سایکۆلۆژیای هاونیشتمانیان و هەوڵ دەدەن سۆزی خەڵک بۆ لای کازمی و لیستەکەی رابکێشن.


هەر بەپێی زانیاریەکان، داڕێژەری ئەم پلانە (بەرهەم ساڵح)ە، کە بەنیازن درێژە بە نەناردنی بودجەی هەرێم بدەن و دۆخی کوردستان خراپتر بکەن، بۆ ئەوەی گرەو لەسەر بێزاری خەڵک بکەن و دەنگ و وەبەرهێنانی پێبکەن.
دڵشاد میران، دیپلۆماتکار و چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، زانیاری دروست هەیە کە مستەفا کازمی خەریکی پێکهێنانی لیستی هەڵبژاردنە و هەوڵ دەدات لیستێک لە کەسانی سەربەخۆ دابنێت و کەسانی حزبی و سیاسی نەبووبن، تاوەکو بەو ناوەوە دەنگیان بۆ کۆبکاتەوە، گووتیشی ”سەرکەوتنی کازمی بەندە بەو بەڵێن و کارانەی کە داویەتی ئەوەی تا ئێستا هەیە شتێکی ئەوتۆ نیە لەو بەڵێنانەی چاکسازی کە داویەتی، بەتایبەتی بەڵێنی گەڕانەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت کە ئێستا بە دەستی میلیشیاکانەوە، چونکە ئەو هەنگاوانە کاریگەری زۆریان لەسەر دەنگ کۆکردنەوە بۆ کازمی دەبێت“.
لای خۆشیانەوە، سیاسەتوانی کورد و دامەزرێنەری یەکگرتووی ئیسلامی، دیندار نەجمان دۆسکی، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، سەرۆکوەزیرانەکانی پێشتریش ئەو سیناریۆیەیان تاقیکردوەتەوە کە لیستیان بۆ هەڵبژاردنەکان هەبووە، گووتیشی ”کازمی هەوڵدەدات سوود لە ناڕەزایی شەقامی عێراقی وەربگرێت و لیستی هەڵبژاردنی هەبێت، کە رەنگە پشتیوانی دەرەکیشی لێ بکرێت، بەڵام دۆخی عێراق و کوردستان دوو بابەتی زۆر لە یەکتری جیاوازن خەڵک راستە ناڕازیە بەڵام دوو هێزی سەرەکی هەیە لە هەڵبژاردنەکان دەنگ دەهێنن و ناتوانرێ ئەوەی کازمی بە شەقامی عێراقیەوە دەیکات لە هەرێمی کوردستان بیکات یان لە رێگەی بەرهەم ساڵح بیکات، پێشتر بەرهەم ساڵح حزبی نوێی دروستکرد وەکو بینیمان سەرکەوتوو نەبوو لە حزبەکەی، لەبەرئەوە بڕوا ناکرێ لەو هەوڵەشی سەرکەوتووبێت“.