شارەوانیی دهۆك ژمارەیەك پڕۆژەی جۆراوجۆر بە زیاتر لە 76 ملیار دینار جێبەجێ دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شارەوانیی دهۆك ژمارەیەك پڕۆژەی جۆراوجۆر بە زیاتر لە 76 ملیار دینار جێبەجێ دەكات


وه‌زاره‌تى شاره‌وانی و گه‌شتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، شارەوانیی دهۆك ژمارەیەك پڕۆژەی جۆراوجۆر بە زیاتر لە 76 ملیار دینار جێبەجێ دەكات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12/8/2020، وه‌زاره‌تى شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "وێڕای قەیرانی دارایی، سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتییە شارەوانییەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان بەردەوامن لە جێبەجێكردن و پرۆژەی نوێ بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، پڕۆژەكانیش جۆراوجۆرن و ئەولەویەتیش بۆ ئەو پڕۆژانەن ڕاستەوخۆ پێویستبی هاووڵاتییان، وەك ئاو و ئاوەڕۆ و دروستكردنی شەقام و نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردن و خاوێنكدرنەوە و ژینگەسازی و فراوانكردنی رووبەری سەوزایی".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك لە ساڵی 2019دا ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی بە زیاتر لە 76 ملیار دینار جێبەجێكردوون یان بەردەوامی پێداون بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، كە ڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان پێویستن، پڕۆژەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك لە ساڵی 2019 بریتین لە:

- یەك پڕۆژە پاكێج كە لە پێنج پڕۆژە پێك دێن كە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندان بەگوژمەی نزیكەی لە 74 ملیار دینار لەسەر بودجەی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەت كە لەلایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكارەوە جێبەجێ دەكرێت، ڕێژەی ئەنجامدانی دوو پڕۆژەیان 100% دیاریك راوە و دوو پرۆژەی دیكەیان بەڕێژەی 85% و 11% جێبەجێ كراون.

- هەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك، 45 پڕۆژەی دیكەی جۆراوجۆر بە گوژمەی نزیكەی 770ملیار دینار لەسەر بودجەی 17%ی شارەوانییەكان ئەنجام دراون، هەروەها یەك پڕۆژەی دیكەش بە 65 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ڕێكخراوی GIZ ئەنجام دراوە.

- لەسەر داهاتی هەردوو شارەوانیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەندازەی پاركەكان، حه‌وت پڕۆژەی دیكە بەگوژمەی زیاتر لە 809 ملیۆن دینار ئەنجام دراون.

-هەروەها 29 پڕۆژەی دیكە لەسەر پێشینەی بەردەوام بە كۆی گوژمەی زیاتر لە 565 ملیۆن دینار ئەنجام دراون.

- بڕی 14،943 تۆن قیڕیش لەلایەن كارگەی قیڕ بەرهەم هاتووە كە بۆ پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقام و قیڕتاوكردن بەكار هێنراوە، وێڕای ئەمە، ڕۆژانە 466.28 تەن خۆڵ و خاشاك كۆ كراوەتەوە و فڕێدراون یان چارەسەر كراون، كە بۆ ساڵی 2019 دەكاتە زیاتر لە 1.700 ملیۆن تۆن، ئەمەش خەرجییەكی زۆری دەوێت و یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی فەرمانگە شارەوانییەكان، بەوەی دەبێت ڕۆژانە بە بەردەوامی كار لە كۆكردنەوە و فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی ماڵان، لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بكرێت.

- وێڕای ئەم پڕۆژە و كارانەی سەرەوە، هەر لە ساڵی 2019دا بڕی كۆنكرێتكردن بریتی بووە لە 6،936،5م سێجا، هەروەها چاندنی جۆرەها شەتڵی نەمام بۆ زیادكردنی رووبەری سەوزایی كە ئێستا رێژەی سەوزایی گەیشتووە 6. %13 لە سنوورەكە.