وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتێكی هۆشیاری رادەگەیەنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتێكی هۆشیاری رادەگەیەنێت

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد هەفتەی داهاتوو دەست بە هەڵمەتێكی هۆشیارییی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا دەكەن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2020.8.11 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "وەزارەتی تەندروستی جارێكی‌تر هەڵمەتێكی هۆشیاریی خۆپارێزی لە پەتای كۆڕۆنا دەست پێ دەكات، هەڵمەتەكە هەفتەی داهاتوو و لەڕێگەی دامودەزگاكانی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی هەزاران پۆستەر و رێنمایی دەبێت".

وەزیری تەندروستی روونیشی كردەوە: "ئەو هەڵمەتە پڕۆژەیەكی گەورەی هۆشیاری دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، کە تێیدا كۆمەڵێك رێنمایی تازەمان دەبێت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانبەران و كاسبكاران بۆ خۆپارێزيی و رێنمایی چۆنیەتی چارەسەری تووشبوان، بە تایبەت رێنمایی بۆ ئەوانەی نیشانەكانیان هەیە و لە ماڵەوە كەرەنتین دەبن".

د. سامان بەرزنجی ئەوەشی خستە ڕوو: "كۆمەڵێك ڤیدیۆی جۆراوجۆر و رێنماییان هەیە و لە رادیۆ و كەناڵەكانی تیڤی بەخش و بڵاو دەكرێنەوە بۆ ئەوەی هۆشیاری زیاتر بەرامبەر ئەو نەخۆشییە هەبێت".

دەستپێكردنی ئەو هەڵمەتە لە كاتێكدایە ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندایە، بەپێی دوایین ئامار لە 24 كاتژمێری رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 653 هاووڵاتی تووشی پەتای كۆرۆنا بوون.