دەست بە دابەشكردنی بڕە پارەیەك به‌سه‌ر جووتیاران دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەست بە دابەشكردنی بڕە پارەیەك به‌سه‌ر جووتیاران دەكرێت

 

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، ئامادەكارییەكان تەواو بوون و دەست بە دابەشكردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەكرێت .

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقه‌وه‌ چەكێك بە بڕی دوو ملیار دینار وەكوو قۆناغی یەكەمی شایستە داراییەكانی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەولێر ڕەوانە كرا، ئەمڕۆ سێشەممە ئەژماری بانكییان كردەوە، سبەی پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی تەحویلی ئەژمارەكە دەكرێت، بڕیار وایە لە یەكشەممەی داهاتووه‌وه‌ دەست بە دابەشكردنی پارەكە بكرێت".

جەختی له‌وه‌ش كردەوە، لەبەر ڕێكارەكانی خۆپارێزی له‌ په‌تاى كۆرۆنا و كەمیی دەوام نەبوایە، ئەم هەفتە پارەكە دابەش دەكرا.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "موژدەی خۆشیان پێداوین و بەڵێن دراوە بڕە پارەیەكی زیاتر بنێردرێت، دەبوایه‌ 10 ملیار دیناری دیكه‌یان ڕەوانە بكردایە، چاوەڕوانین بەم نزیكانە پارەی دیكه‌ بنێرن، ئەو بڕە پارەیەی هاتووە بەپێی ڕیزبەندیی رادەستكردنی گەنم بە سایلۆكان دەدرێتە جووتیاران و دواتریش جووتیارانی لێ ئاگادار دەكرێتەوە".

هێمن سەید موراد ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، ئەو بڕەی بۆیان دیاری كرابوو، توانیویانە هەمووی وەربگرن كە 110 هەزار تەن گەنم بووە، گوتیشی: "پێویستە حكوومەتی عێراق بڕی 55 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەولێر بۆ گەنمی ئەمساڵ ڕەوانە بكات".

لە پاڵ ئەو دوو ملیار دینارەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر، سێ ملیار دینار بۆ گەنمی جووتیارانی سلێمانی و دوو ملیار دیناریش بۆ جووتیارانی دهۆك ڕەوانە كراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دابەش بكرێت.

حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە لە كۆی یەك ملیۆن تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ تەنیا 390 هەزار تەن وەربگرێت.