پشدەر.. بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک جووتیاران زەرەمەند بوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پشدەر.. بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک جووتیاران زەرەمەند بوون

بەھۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، زیان بەر جووتیارانی سنووری پشدەر کەوتووە و بە شێوەیەکی کاتیش چارەسەری ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییانی پشدەر کراوە.

زانا عوسمان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاوی (خاس) کە ئاوی خواردنەوەی ماڵانی شارۆچکەی قەڵادزێ دابین دەکات بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئاوی زێی بچووک کە سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییانی شارۆچکەی قەڵادزێیە و سەرچاوەکەی لە ئێرانەوە دێت، ناوە بە ناوە بەھۆی دروستکردنی بەنداو لەسەری لەلایەن ئێرانەوە دەگیردرێتەوە".

گوتیشی: "بە شێوەیەکی کاتی ئێمە بەربەستمان لەسەر ئەو بڕە ئاوە دروست کردووە بۆ ئەوەی ئاوەکە بگاتە ئاستی پەمپەکانی پڕۆژەکە و دابەشی ماڵانی بکەین، بەڵام کۆمەڵێکی زۆری جووتیار زەرەرمەند بوون و نەیانتوانیوە کشتوکاڵ بکەن".

زانا عوسمان باسی لەوەش کرد: "تاکە ھۆکار بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دروستکردنی بەنداوێکە لەسەر زێی بچووک لەناو سنووری پشدەر کە ھەم ئاوی باراناو و ھەمیش ئەو بڕە ئاوەی ئێران بەری دەداتەوە، گل بدرێتەوە، کە وێڕای ھەموو سوودەکان، بەردەوام سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاویش دەبێت بۆ ناو بەنداوی دووکان".