سەبارەت بە ناردنی ڤاکسینەکە تایبەتەکەی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان روونکردنەوە دەدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەبارەت بە ناردنی ڤاکسینەکە تایبەتەکەی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان روونکردنەوە دەدرێ

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زانیاری لە بارەی ئەو ڤاکسینە دەخاتە ڕوو کە وا بڕیارە لە عێراقەوە بگاتە هەرێمی کوردستان و تایبەتە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.


دکتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ئەو ڤاکسینەی کە وا بڕیار بوو بگاتە عێراق و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا دروستکردنی ئەو ڤاکسینە تەواو نەبووە، ئێستا لە قۆناغی کۆتایی بەکارهێنانیدایە و تا ئێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە کە ئاخۆ تەندروستە بۆ بەکارهێنان و بە کەڵکی ئەوە دێت بفرۆشرێت و بدرێت بە هاووڵاتیان یاخود نا".


گوتیشی: "بەشێک لە وڵاتان هەوڵی کڕینی ئەو ڤاکسینەیان داوە و ئێستا عێراقیش دەیەوێت ئەو دەرمانە بکڕێت هەر کاتێک بەردەست بوو، بەڵام تا ئەم کاتە ڤاکسینەکە تەواو نەبووە و لە قۆناغەکانی کۆتایی دایە".


ئەوەشی گوت: "پێشتر تەندروستیی هەولێر خۆی دەرمانێکی کڕیبوو و دەیدا بە تووشبووانی کۆڕۆنا، بەڵام ئەو ڤاکسین نەبوو، بەڵکو دەرمانێک بوو لە هەولێر دروست دەکرا و ئێستا نادرێت چونکە ئەویش بەشێکی زۆری درا بە عێراق و چاوەڕێین وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەشێکی تر لەو دەرمانەمان بۆ بنێرێتەوە و بەڵێنیشیان داوە کە پێمان بدەنەوە، چونکە پێشتر ئەو دەرمانە بەکار هاتبوو و تا ڕادەیەکی باش سوودی هەبوو بۆ تووشبووان، هەرکاتێکیش گەیشت بە دڵنیاییەوە دەست دەکەینەوە بە بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ تووشبووان".