لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى کوردستان: هەوڵی دابەزاندنى زیاتری نرخى نەخۆشخانە تایبەتەکان دەدەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى کوردستان: هەوڵی دابەزاندنى زیاتری نرخى نەخۆشخانە تایبەتەکان دەدەین

سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند کار بۆ ئەوە دەکەن نرخى نەخۆشخانە تایبەتەکان زیاتر دابەزێنن، بەڵام لە هەموو دونیا نرخى چاودێرى چڕ گرانە، ئێستاش بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆڕناوە گوشارێکى زۆر کەوتووەتە سەر کەرتى تەندروستى هەرێمی کوردستان.

د. سەباح زێبارى، سەرۆکى لێژنەى تەندروستى و ژینگە و مافى بەکاربەر لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "هەوڵەکانمان چڕتر کردووەتەوە لە پێناو دابەزاندنى زیاترى نرخى نەخۆشخانە تایبەتەکان، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و زیاتر سوودمەندبوونى هاووڵاتیان لەو کەرتە، چونکە ئێستا بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆناوە کەرتى تەندروستى هەرێم گوشارێکى زۆرى لەسەرە و نەخۆشخانە تایبەتەکانیش بوونەتە بەشێک لە دامەزراوەى تەندروستى".

راشیگەیاند: "بەر لە بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا نرخى مانەوە بۆ شەوێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لە بەشى چاودێرى چڕ دەگەیشتە سێ ملیۆن دینار و زیاتریش، بەڵام ئێستا ئەو نرخە بۆ ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار دینار دابەزیوە، واتا 40بۆ 50%ى نرخە دابەزیوە، چونکە نرخى مانەوە لە ژوورى چاودێرى چڕ لە هەموو جیهان زۆر گرانە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئێستا وەزارەتى تەندروستى هەموو هەوڵێک دەدات بۆ خزمەتکردنى هاووڵاتیان و تەنیا لە هەولێر 6 نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆڕۆنا بەردەوام پێشوازى لە نەخۆش دەکەن، پزیشک و کارمەندانیش خۆنەویستانە کاردەکەن و وەکو سەربازى ون ژیانى خۆیان خستۆتە مەترسى، بۆیە لە کۆبوونەوەى لێژنەى تەندروستى داوامان کردووە هەرچى زووە حکوومەت مووچەى وەزارەتى تەندروستى دابەش بکات".