مەلا بەختیار و مێژوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەلا بەختیار و مێژوو

وا دەردەكەوێت مەلا بەختیار زوو زوو حەزی لەوە بێت ببێتە سەردێری سۆشیال میدیا و ھەمان بابەتی ٢٢ ھەڵیكۆپتەرەكە دووبارە بكاتەوە، بویە ئەمجارە بە گوتەی خۆی "بۆ مێژوو" گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردووتەوە و باس لەوە دەكات گوایە "كاتی نزیك بوونەوەی داعش لە ھەولێر دۆشكاكەی ئەو بەھانای ھەولێرەوە ھاتووە" و لە داگیركردن پاراستۆیەتی.

بەختیار خۆی بە بەختیار دەزانیت كاتێك پێی وایە رزگار كردنی مەخمور وەك چیرۆكی ٢٢ ھەلیكۆپتەرەكە بێ بەلگەیە و كەس نییە پێی بلێت "ڕاست ناكەیت"، پێی وایە دەتوانیت میژوو بگۆڕیت، مەلا بێخەبەرە كە بەڵگەی ڤیدیۆیی سەلمێنەر ھەیە كاتێك دۆشكەكەی ئەو و ھێزی دژەتیرۆری حزبەكەی ھاتنە نزیك مەخمور، خەڵك بە ئارامی دەگەڕایەوە شارەكە و دوو كاتژمێر بەر لە ئەوان پێشمەرگەی كوردستان كە نە لۆگۆی حزبی ھەڵگرتبوو نە موڵكی حزبایەتی پێوە دیار بوو، بە ئاڵای كوردستان مەخموریان ئازاد كردبوو.
مەلا بەختیار بە نابەختیاری لە گرتە ڤیدیۆكەیدا كە ١٢ خۆلەكە، سێ جار دژی قسەكانی ناو ھەمان ڤیدیۆ "بۆ مێژوو" دەدوێت، جارێكیان دەلێت كاتێك داعش مەخموری داگیر كرد، سەرۆك بارزانی بیری لەوە دەكردەوە كە شەڕ بكەین یان نا، لە ھەمان ڤیدیۆدا دەلێت"دكتۆر رۆژ و پێشمەرگەكانی پارتی لە پردێ شەڕیان دەكرد" مەلا دەلێت ئەوكاتەی دژەتیرۆر چوو بۆ مەخمور ھێشتا شەڕی پێشمەرگە و داعش بوونی نەبوو، بەلام دوای ٢٠ چركە سەرزەنشتی خۆی دەكات و دەلێت"ئەوكات جەلەولا داگیر كرابوو و خەڵكی خانەقین ھاواریان لێ ھەستابوو و داوای دوشكاكەی منیان دەكرد".
ئەوەی كە زۆر سەرنج ڕاكێش بوو مەلا بەختیار خۆی لە ھۆكاری كەوتنی جەلەولا دزیەوە و باسی لەوە نەكرد كە كێ پارەی ناو بانكەكەی جەلاولای برد و بۆ شاردنەوەی تاڵانیەكە جەلەولای ڕادەستی داعش كرد دواتر ڕایگەیاند "داعش بانكەكەی شكاندووە".
مەلا لە ھەموو ڤیدیۆكەیدا وەك فاڵچیەك خۆی دەردەخات گوایە پیشبینی ھاتنی داعشی كردووە، بەلام ھەر خۆشی بێ ئاگایی خۆی دەسەلمێنێت و ئاشكرای دەكات كە ئەو رۆژەی مەخمور داگیركراوە خەریكی فەلسەفە لێدان بووە و باسی ماركسی بۆ ھاوڕێكانی كردووە تا ئەوەی كوسرەت ڕەسوڵ ڕایچەڵەكاندووە و پێی وتووە داعش ھاتووتە پێش.
پێویستە مەلا بەختیار و ئەوانەی پێیان وایە "بۆ مێژوو" دەنووسن، لەوە دڵنیا بن ھەموو ڕاستیەكان لە شەڕی داعش تا خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر بە فرۆشتنی مستەفا سەلیمیشەوە، بە بەڵگەی كواڵیتی بەرز تۆماركراون و نە دەتوانن مێژوو بشێوێنن و نە دەتوانن چی دیكە چیرۆكی ھاوشێوەی ھەڵیكۆپتەرەكان بۆ خەلك بگێڕنەوە.