سەرچاوەکان: حسان دیاب بەرەو دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی لوبنان هەنگاو دەنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرچاوەکان: حسان دیاب بەرەو دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی لوبنان هەنگاو دەنێت

چەند سەرچاوەیەک بۆ (سکای‌نیوزی)عەرەبیان راگەیاندووە، کە حسان دیاب، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئامادەکاریی دەکا کەمێکی دیکە حکوومەتەکەی دەست لە کار بکێشێتەوە.

پەیامنێرانی (سکای نیوز) لە سەرچاوەکانەوە گواستوویانەتەوە، بۆچوونێک هەیە، کە حسان دیاب، بەر لە دانیشتنی سێیەمی چاوەڕوانکراوی ئەمڕۆ ئێوارە، حکوومەتەکەی دەست لە کار بکێشتەوە و راستەوخۆش وتەیەک پێشکەش بکات.

سەرچاوە لوبنانییەکان باس لە زانیاریی تەواونەبوونی نیساب دەکەن لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، کە دیاب بە بێ کۆبوونەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش دەکات.

ئەمڕۆ بەیانی حکوومەتی لوبنان بڕیاری دووبارە گرێدانی کۆبوونەوەی لە سەرای حکوومەت دا، دوای ئەوەی کە بڕیار وابوو لە کۆشکی بعبدا ئەنجام بدرێ.

هەروەها خشتەی کاری کۆبوونەوەکە لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوە یەک لەدوا یەکەکانی وەزیرەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هات. پەیامنێرەکانی (سکای نیوز) دەریانخست، کە بۆ کەوتنی حکوومەت، پێویست دەکات کە 7 وەزیری دیکە دەست لە کار بکێشنەوە، ئاماژە و بۆچوونەکانیش بۆ ئەوە دەچن، کە هەریەکە لە غادە شریم، وەزیری کۆچبەران و رائول نعمە، وەزیری ئابووری و تارق ئەلمەجزووب، وەزیری پەروەردە دەست لە کار بکێشنەوە.

ئەمڕۆ بەیانیی دووشەمە، ماری کلوب، وەزیری دادی لوبنان دەستی لە کار کێشایەوە، بەمەش بوو بە سێیەم ئەندامی حکوومەت، کە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، دەست لە کار بکێشێتەوە، کە بووە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆر بۆ بەیرووتی پایتەخت و خەڵکی لوبنان.

 ماری کلوب لە وتارێکیدا گوتی: “من دەستەلەکارکێشانەوەم بەهۆی تەقینەوەکانی بەیرووت و خۆپیشاندانەکانەوە پێشکەش کردووە”.

تەقینەوەکانی بەر لە هەفتەیەکی دەربەندی بەیرووت، بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 158 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 6 هەزار کەس، هەروەها بووە هۆی هەرەسهێنانی سیاسی و ئابووریی لوبنان.

لەوەتەی تەقینەوەکانی بەندەری بەیرووت روویانداوە، خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەیرووتی پایتەخت دەستیان پێ کردووە و خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت دەکەن و بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکانیشی ئەخەنە ئەستۆ.