بۆ لێخۆشبوون لە قەرزێكی سەر هاووڵاتییان ڕوونكردنەوە دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆ لێخۆشبوون لە قەرزێكی سەر هاووڵاتییان ڕوونكردنەوە دەدرێت


دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا ڕێژەی 15% داشکان بکرێ لەو پێشینانەی حکوومەت کە لەلای هاووڵاتییانە لە (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک)، بە مەرجێک هاووڵاتییان ئامادە بن تەواوی بڕی پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکوومەت، دوای ئەو بڕیارە وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دەركردووە، بەڵام ئەوانەی قەرزی سندووقی نیشتەجێبوونیان هەیە، لە ڕێنوێنییه‌كی دارایی باسیان نەكراوە.

فۆڵگە جەودەت نادر، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی نیشتەجێكردنی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە ڕێنوێنییه‌كه‌ى وەزارەتی دارایی باسی ئەوانەی تێدا نییە كە قەرزی سندووقی نیشتەجێبوونیان هەیە، بەڵام پێیان ڕاگەیاندووین وەزیری دارایی نووسراوێكی كردووە بڕیارە ڕەزامەندییەك بۆ بانكەكانی نیشتەجێبوون دەربچێت بۆ ئەوەی ئەوانیش وەكوو پێشینەی خانووبەرە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت".

ئەوەشی خستە ڕوو: "چەند كەس ئامادەن هەموو قەرزەكانی سندووقی نیشتەجێبوون بە یەكجار بدەنەوە، بۆیە بەڕێوەبەری گشتیی بانك و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لەو بابەتە ئاگادار كراونەتەوە، ئومێد هەیە بڕیارەكە ئەوانیش بگرێتەوە و لێخۆشبوونی 15%یان بۆ بكرێت لەو قەرزەی دەیگەڕێننەوە".

بەرپرسەكەی بانكی خانووبەرەی نیشتەجێكردن ئاشكراشی كرد: "بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزەكان تاوەكوو 1ی 9ی 2020ه‌، بەڵام پێشبینی دەكەین درێژ بكرێتەوە، چونكە درەنگ ڕێنوێنى بۆ دەركراوە، هەیە هاتووه‌تە لای من گووتویەتی ئەگەر ئەو 15%یە بمانگرێتەوە، قەرز دەكەین و پارەی خۆمان دەدەینەوە".

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە دروست كراون‌ و لەلایەن حكوومەتیشەوە 30% بۆ 50%ی نرخی ئەو یەكانە وەكوو قەرز دراوە بە هاووڵاتییان، كە دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا ‌و بە قیستی مانگانە بیدەنەوە بە حكوومەت.

ئەوەی 30 ملیۆن دینار قەرزیان وەرگرتبێت، قیستی مانگانەیان 250 هەزار دینارە، ئەوانەیشی 18 ملیۆن دینار بێت، مانگانەیان 150 هەزار دینارە.

بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی نیشتەجێكردن دووپاتی كردەوە، بە هەزاران هاووڵاتی لە قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون سوودمەند بوونە.