كوردانی تاراوگە بەبۆنەی یادی سەد ساڵەی سیڤەر نامەیەكیان ئاراستەی سەرۆكی فەرەنسا كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كوردانی تاراوگە بەبۆنەی یادی سەد ساڵەی سیڤەر نامەیەكیان ئاراستەی سەرۆكی فەرەنسا كردووە

کۆمەڵێک لە کوردانی تاراوگە لە یادی سەد ساڵەی ڕێککەوتننامەی سیڤەردا نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی فەڕەنسا کردووە و بۆ هەرکام لە پارچەکانی کوردستان کۆمەڵێک داخوازی خراوەتە روو.

لەو نامەیەدا کە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕەنسا نووسراوە، هاتووە: "سەد ساڵ لەمەوبەر، واتە ١٠ی  ئووتی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی زلهێزی جیهان یەک لەوان دەوڵەتی فەڕەنسا لە شاری سیڤەر، هەڵکەوتوو لە نزیک پاریس واژۆ کرا.

بەپێی ئەو پەیمانە لە مادەی ٦٢دا بەمجۆرە بە مافی ئۆتۆنۆمی ئاماژە کراوە: "کۆمیسیۆنێک لە نوێنەرانی فەڕەنسا، ئیتالیا و بەریتانیا بێت و لە ماوەی شەش ماندا ئامادەکاری بۆ ساخکردنەوەی هەرێمێکی وکردی لە نێوان ئەرمەنستان، تورکیا ڕۆژهەڵاتی فورات و سەرووی سووریا بکرێت".

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی فەڕەنسا هەم وەک ئەندامێکی سەرەکیی بەهێزی بەرەی پەیوەندیدار و هەم وەک خانەخوێ، یەکێک لە کارەکتەرە پاڵنەرەکانی ئەم مادەیە بووە.

ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر هیچکات جێبەجێ نەبوو، بەڵکوو پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی ژووئیەی ١٩٢٣ جێگەی گرتوەوە، پەیمانێک کە لەودا پرۆژەی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی  کوردی سڕدرایەوە.

لە درێژەدا هاتووە: "فەڕەنسا دۆستێکی لەمێژینەی گەلی کوردە و ئێمە بەوە دەزانین. بۆ وێنە پشتیوانی لە کوردەکانی ئێراق، لە ئاستی نێونەتەوەیدا، بەتایبەت لە شوورای ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێگەی دا دۆخی فیدراڵی دروست ببێ".

لە کۆتایی نامەکەدا بۆ هەرکام لە پارچەکانی کوردستان داواکارییەک خراوەتە ڕوو، لە سووریا :ئێمە داوا لە فەڕەنسا دەکەین هەوڵ بدات کە نوێنەری کورد لە هەموو دانیشتنەکانی سووریای داهاتوودا بەشدار بێت و مافی کورد بپارێررێت.

لە تورکیا ئێمە داوا لە فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا دەکەین کە گوشار بخەنە سەر تورکیا هەتا پێمڵی وتووێژ و دانیشتنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ کوردەکان بێت.

لە عێراق، بەهۆی لە ئارادابوونی پێوەندییەکی گونجاو لە نێوان دەوڵەتی فەڕەنسا و حکوومەتی ناوەندیی عێراق، ئێمە داواکارین فەڕەنسا لە نێوان دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی نێوبژیوانی بگێڕێت و چارەسەرێکی گونجاو بۆ گیروگرفتەکان بدۆزرێتەوە.

لە ئێران، ئێمە داوا لە فەڕەنسا دەکەین کە مەسەلەی پێدانی مافی ڕەوای گەلی کورد بە دۆسیەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران زیاد بکرێت و داوا لە دەسەڵاتی ئێران بکەن کە ڕێز لە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بگرێت، هەروەها هەڵپەساردنی ڕەوتی سێدارەدانی ناسەردەمیانەی ژنان و کوڕانی کورد بە تاوانی بچووک و هەندێ مێرمنداڵیش دەگرێتەوە، دەمودەست ڕابگرێت.