بەرھەم ساڵح، بە چ زەخیرەیەكی جوانەوە ئەم ئیشە دەكات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرھەم ساڵح، بە چ زەخیرەیەكی جوانەوە ئەم ئیشە دەكات؟

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی كە ھەتا ئێستا لەبەردەستدان، بەرھەم ساڵح و مستەفا كازمی دەیانەوێت بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق، لیستێك بۆ خۆیان دروست بكەن و بە ھەردووكیان و لە چوارچێوەی لیستێكی عێراقیدا زۆرینەی دەنگەكانی كوردستان و عێراق بۆ خۆیان ببەن! بەرھەم ساڵح بە خەیاڵی خۆی دەنگەكانی كوردستان دەبات و كازمییش لانی كەم دەنگی شیعەكان بەتایبەتی خۆپێشاندەرانی ئێستای عێراق دەبات. وەك كوردێك ئەوەی بەلای منەوە گرنگە كوردستانە، ئەگینا حاڵەتە مرۆییەكانی لێ دەرچێت، عێراق تەفروتوونا ببێت مێش میوانم نیە، بۆ من وەك كوردێك، شیعە حوكمی عێراق بكات یان شیوعی، كازمی حوكمی عێراق بكات یان فاتیمی، ھیچ جیاوازییان نیە، بۆیە لێرەدا تەنھا باسی بەرھەم ساڵح دەكەم.


1- جارێ ئەوەندەی پەیوەندیی بە ژیانی سیاسیی خۆیەوە ھەیە، ئەگەر جەنابی مام جەلال بەردەوام دەستی پێوە نەبوایە، لە باشترین حاڵەتدا بەرھەم ساڵح یان بەڵێندەرێك دەبوو یان خاوەن كۆمپنیایەكی قازانجی خێرا، ھەرچەندە گومانم لەوەش ھەیە كە ئەگەر لەدەرەوەی سیاسەت بەڵێندەرایەتییشی بكردایە، خاوەن بەڵێنی خۆی بوایە كە لە كاتی خۆی و بەگوێرەی گرێبەستەكەی كە لەگەڵیدا كراوە، ئیشەكانی ڕاپەراندایە و بە باری ناچاری دەبوایە بیخەیتە لیستی ڕەشەوە و ئیتر كاری پێنەدرێت. بەڵگەی ئیسپاتكردنی ئەم قسەیەم، بە وێنەی ڤیدیۆیی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كڵاشە دەكات.

2- بەرھەم ساڵح، دوو جار لە ھەرێمی كوردستان سەرۆكی حكوومەت بووە، جارێك لە سەردەمی دوو ئیدارەیی لە سلێمانی و جارێكیش بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ھەولێر، بۆ ئەوەی سلێمانی ڕاپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی لەسەرە، ئەو كاتەی جەلالی سامئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بوو، ڕاپۆرتەكەم لایە و دوو سێ جاریش دوو بەدوو لە ماڵی خۆی لە سلێمانی لەگەڵ جەلالی سامئاغا دانیشتووم و باسی زۆریانی بۆ كردووم كە چ ماڵ و مەعدەنێكن. بۆ ئەوەی ھەولێریش بچن ئەرشیفی ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێن و بزانن لایەكی سلێمانی بە ئیمزای ئەو چیی لێ كراوە و چۆن ئێستاش ئاسەواری ئەو ئیشانە، بۆ ئەم كابینەی ئێستای حكوومەت بەجێ ماوە.

3- ئینجا ئەگەر لیستەكەی بەرھەم ساڵح و مستەفا كازمی، دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی كوردستان و عێراقیش بھێنن كە نایھێنن! لەو حاڵەتەشدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە بە گوێرەی دەستووری عێراق دەسەڵاتە بنەڕەتی و فیعلیەكانی لەدەستدایە، مومكین نیە بۆ كورد بێت و ئەو كاتەش لە باشترین حاڵەتدا بەرھەم ساڵح ھەروەك ئێستا سەركۆمار دەبێت، باشە ئەی ھەر ئێستا ئەو سەركۆمار نیە؟ ئەی لەوەتەی سەركۆمارە، بەرھەم ساڵح چیی بۆ كوردستان كردووە؟ ئێستا چی دەكات بشبێتەوە بە سەركۆمار ھەر ئەوە دەكات، باسی كۆبوونەوە و بینینی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس و ھاتنەوە بۆ سەیرانگەی مێرگەپانی سلێمانی و تەشریب خواردن ناكەم، باسی ئەو ئیشانەی دەكەم كە بەڕاستی لەسەر زەمینی كوردستان ڕەنگی دابێتەوە و بۆ كورد و كوردستان باش بووبێت.

4- لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە، بەرھەم ساڵح و مستەفا كازمی لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا بڵێن دەنگمان پێ بدەن بۆ ئەوەی ئەگەر دەربچین و حكوومەت پێكبھێنین، عێراقتان بۆ بكەین بە سویسرا، لە كاتێكدا كە ھەر ئێستا خۆیان سەركۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانن و عێراقیش وێرانەیە.

5- ئینجاش ئەوەندەی من بزانم و تۆزێك سەرم لە مێژووی سیاسیی كورد دەربچێت، ھەر كوردێك گەلی خۆی بەجێ ھێشتبێت و لەژێر پەردەی ھەر ئایدۆلۆجیایەكدا پاساوی بۆ عێراقچێتیی خۆی یان حزبەكەی ھێنابێتەوە، چارەنووسی فەشەل بووە.

6- برادەرێكم كە ئێستا وازی لێ ھێناوە، ئەو كاتەی بە بەرھەم ساڵح موعجیب بوو، ڕۆژێك وتم باشە تۆ بە چ كارێكی بەرھەم ساڵح موعجیبیت و ئەو پیاوە چیی كردووە؟ وتی: لە سەردەمی حوكمی بەرھەم ساڵحدا سلفەی عەقار دەستی پێكرد. منیش وتم: كوڕی باش ئەو گەڕەكەی سلێمانی كە ماڵی باوكی بەرھەم ساڵحی لێیە، ناوی گەڕەكی عەقاریە و بۆیەش ناوی گەڕەكی عەقاریە چونكە بە پارەی سلفەی عەقار ئەو گەڕەكە دروست كراوە و ئەوەش كاتێك بووە كە بەرھەم ساڵح ھێشتا زۆر منداڵ بووە و سیاسەت و عەلوەی سەوزە و میوەی لەیەكتر جیا نەكردۆتەوە، كەواتە سلفەی عەقار زۆر لەپێش بەرھەم ساڵح ھەبووە، كەچی پێی گوتم: وەڵاھی خۆ ڕاست دەكەیت من بیری ئەوەم ھەر نەبوو. وتم: ئاخر بۆیە منیش ھەر گەڕەكەكەی ماڵی باوكی بەرھەم ساڵحت بۆ دەكەم بەبەڵگەی ئەوەی سلفەی عەقار زۆر پێش ئەو ھەبووە!