ئەمریکا لەدژی ئێران پشتگیریی داوای شەش وڵاتی عەرەبی دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمریکا لەدژی ئێران پشتگیریی داوای شەش وڵاتی عەرەبی دەکات

 "دەبێ گەمارۆ و سزا سەربازییەکانی سەر ئیران درێژ بکرێنەوە"

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ نامەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو دەربڕی کە پێکەوە داوایان کردووە گەمارۆی چەک و تەقەمەنیی سەر ئێران نوێ بکرێتەوە.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوو توێتی جیادا وێڕای پشتگیری لە داخوازی ئەو شەش وڵاتەی کەناری کەنداو، هاوکات ئەو هەڵوێستەی بە بوێرانە وەسف کردووە.

شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوە (بەحرێن، کوێت، عەمان، قەتەر، ئیمارات و سعوودیە) لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کردووە گەمارۆکانی سەر چەکۆچۆڵی ئێران درێژ بکرێنەوە.

نامەی ئەو شەش وڵاتە عەرەبییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە مانگی ئۆکتۆبەر گەمارۆکانی سەر کەرتی چەکوچۆڵی ئیران هەڵبوەشێندرێنەوە.

لابردنی ئەو گەمارۆیانە دوای پێنج ساڵ لە واژۆی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی جیهان، بەپێی یەکێک لە مادەکانی ئەو ڕێککەوتنەیە.

ئەمریکا لە یەک مانگی ڕابردوودا هەوڵەکانی خۆی چڕتر کردووەتە هەتا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دیسان ئەو گەمارۆیانە لەدژی ئیران درێژە بکرێنەوە.

مایک پۆمپیۆ لەو تویتانەی خۆیدا جەختی کردووەتەوە: "دەبێ ئەنجوومەنی ئاسیاش لە نێوان گەیاندنی چەک بە تیرۆریستەکان و پشتگیری لە وڵاتانی کەنداو یەکیان هەڵبژێرێت".