ڕێژەی ماسیی دەریاچەی دووکان کەمی کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕێژەی ماسیی دەریاچەی دووکان کەمی کردووە

"بەپێی پێویست پەنجە ماسیی تێ ناکرێت"

بەھۆی ڕاوکردنی زۆر لەناو دەریاچەی دووکان و تێنەکردنی پەنجە ماسی، رێژەی ماسی لەناو دەریاچەکە کەمی کردووە و وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت بەرنامەیەکمان بۆ ئەو بابەتە لەبەردەستە.

بەگوتەی ژماەرەیەک ڕاوچی سەر دەریاچەی دووکان: "ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ڕاوچی و ھاووڵاتی سەرقاڵی ڕاوکردنی ماسین لە دەریاچەی دووکان و بەھۆی ئەوەش کە پەنجە ماسی ناخرێتەوە ناو دەریاچەکەوە، ڕێژەی ماسی لەناو دەریاچەکە کەمی کردووە و بەرەو کەمتربوون و نەمان دەڕوات".

هێمن کەمەرخان گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی ڕاوکردنی نازانستی و بەکارهێنانی شێوازی نازانستی  ڕاوەماسی، سامانی ماسی ناو دەریاچەی دووکان کەمی کردووە".

هێمن کەمەرخان گوتیشی: "بەدەر لەوەش ساڵانە ڕێژەی تێکردنی پەنجە ماسی لە دەریاچەکە کەمترە لە ڕێژەی ئەوو ماسییانەی تێیدا دەگیرێن".

ئاشکراشی کرد لەپێناو ڕێگەگرتن لە دیاردەی ڕاوکردنی نازانستی و هەڕەمەکی، پێشنیاریان بۆ سەرووی خۆیان کردووە کە بە چەند مەرج و ڕێنوێنییەک مۆڵەت بۆ ڕاوچیانی ماسی دەریاچەی دووکان و شوێنەکنی دیکە دەربکرێت".

لەمبارەوە حسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچازەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژەی بەرھەمھێنانی پەنجەماسیمان ھەیە کە پەنجە ماسی بۆ پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی بەرھەم دەھێنن و بەرنامەش ھەیە ھەندێک جار ژمارەیەک لە پەنجە ماسییەکانی ئەو پڕۆژانە بخرێنە ناو بەنداوەکانەوە و تا ئێستاش چەند جارێک ئەو کارە کراوە، بەڵام وەک پێویست نەبووە، بەو ھیوایەی بتوانین لە ئایندەدا ڕێژەکە بۆناو بەنداوەکان زیاتر بکرێن".