كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چیرۆکی چەند کچۆڵەیەکی ئێزدیی ژێر دەستی داعش

لەیلا: ئێمە بۆ شێخێکی داعش کراینە دیاری

لەگەڵ هاوڕێیەکی دانیشتبوو و سەیری وێنەی ناو مۆبایلەکەی دەکرد. پێیان گوتم، ئەم دوو منداڵە هەردووکیان رزگاربووی دەستی داعشن. چووم خۆمم پێ ناساند، گوتیان ئێمە چاوەڕێی تۆمان دەکرد.


لەیلا تەمەنی سێزدە ساڵە. برایەک و دوو خوشک و دایک و باوکی تا ئێستا بێسەروشوێنن. ئەوان گوتیان: “داعش لێمان دەدەن و مرۆڤی خراپن. دایک و باوکی ئێمەیان بە دیل گرتووە و ناهێڵن بێنەوە بۆ لامان”.


هەر یەک بە جیا دواندمن، بە لەیلام گوت، دەتوانی باسی ئەو کاتانەم بۆ بکەی، کە داعش ئێوەی رفاند؟ گوتی: “بەڵێ، بەڵام من ئێستاش لێیان دەترسێـم، هەرچەندە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەداین”.


بەڵێنم پێی دا، کە من ناو و وێنەی بڵاو ناکەمەوە، تا داعشەکان نەزانن، کە ئەو قسانە هی ئەون.


ئەو کچۆڵەیەکی سێزدە ساڵانە بوو، بەڵام روخسار و چاوەکانی خەمی تەمەنێکی درێژیان پیشان دەدا. بەر لە هەر شتێ گوتی: “لەبەرئەوەی عەرەبیم نەدەزانی، لێدانم زۆر خوارد”، کاتێک پرسیم بۆ؟ گوتی: “لەبەرئەوەی دەبوایە قورئان بخوێنین، ئەویش بە عەرەبی بوو، منیش عەرەبیم نەدەزانی، بۆیە هەموو جارێ لێیان دەدام”.


لەیلا کچی خێزانێکی خەڵکی شەنگالە، لە ٣-٨-٢٠١٤، لەگەڵ خێزانەکەی لە کاتی راکردن بەرەو چیای شەنگال دەستگیر کراوە. ئەو شوێنەواری لێدان و سووتانی لەسەر دەست و قۆڵ و پشتیەتی، چونکە نەیزانیوە قورئان بخوێنێتەوە، لەکاتێکدا کاتێک دەستگیر کراوە، تەمەنی تەنیا 11 ساڵان بووە.


دوای دەستگیرکردنی خێزانی لەیلا، باوک و براکانی لەوان جیا کراونەتەوە، چونکە داعش لەگەڵ دەستگیرکردنی ئێزدییەکان، سەرەتا ژن و پیاو، گەنج و بەتەمەن، دواتر بەپێی روخسار و بەرچاوی، جیای کردوونەتەوە.


لەیلا دەڵێت: “کاتێک دەستگیر کراین، هەموومانیان بردە قوتابخانەیەک و ماوەی دوو رۆژ لەو قوتابخانەیە ماینەوە. لەو دوو رۆژەدا چوار جار هاتن ئافرەتەکانیان دەستەبژێر دەکرد، ژنی گەنج و پیر، بە منداڵ و بێ منداڵیان جیا دەکردەوە. دواجار کچانی هاوتەمەنی من و منیان پێکەوە بردن".


دوای ئەوە لەیلا و ئەو کچە منداڵانە دەبەنە سووریا: "سواری پیکەبێکیان کردین، گوتیان ئێوە دەبەین بۆ شێخ، ماوەی دوو شەو لە رێگا بووین، لە رێگا تەنیا یەک جار پسکیتیان پێ داین، ئەویش چونکە کچێکمان لەگەڵ بوو، دەگریا و دەیگوت برسیمە".


لەیلا دەگێڕێتەوە: "کە گەیشتینە سووریا، لە قاعەیەک دایانناین، دوو رۆژ لەوێ ماینەوە، دواتر من و دوو کچی تری هاوتەمەنی منیان بردین، لە ماڵێك لە حەمام شووشتیانین و جلی نوێیان لەبەر کردین، دواتر ئارایشتیان کردین و بردیانین بۆ ماڵێک، داعشێکی ریش درێژی جل رەشی لێ بوو، سفرەیەکی لەبەردەم بوو و خواردنی زۆری لەسەر بوو، ئێمەش زۆر برسیمان بوو، هەر سەیری خواردنەکەمان دەکرد، ئەویش گوتی، با ئەو کچە دانیشێ نان بخوات، کە وای گوت، منیان دانیشاند و کچەکانی تریان بردە دەرەوە".


لەیلا لەگەڵ ئەو پیاوەی بە شێخ بانگیان کردووە، نانی خواردووە، دوای ئەوە شێخ بانگی کردووەتە نزیک خۆی: "بانگی کردم و لەسەر کۆشی خۆی داینام، زۆر ترسام. ماچی کردم و دەستی لە جەستەم دەدا، من ویستم لە دەستی را بکەم، بەڵام یەک شەقازللەی لێ دام و گوتی هەرچیم ویست وا بکە".


شێخ ئەو رۆژە تا بەیانی دەستدرێژیی دەکاتە سەر هەر سێ کچە منداڵەکە. هەرچەندە ئەوان دەگریێن و دەپاڕێنەوە، بەڵام سوودی نابێت. ماوەی مانگێک ئەم کچانە لای شێخ دەهێڵنەوە.


رۆژێک داعشێک دێت، چوار کچی تری منداڵی پێیە، بۆیە لەیلا و دوو منداڵەکەی تر لە دەست شێخ رزگاریان دەبێت.


لەیلا کاتێک باسی شێخی دەکرد، گیانی دەلەرزی. هەستی بە ترسێکی زۆر دەکرد. چاوی دەبڕیە دەرگاکە، وەک ئەوەی بترسێ لەوەی ئێستا شێخ لەم دەرگایەوە بێتە ژوورەوە: "شێخ پیاوێکی زۆر بێ بەزەیی بوو، ئەو ئێمەی رووت دەکردەوە. هەندێ جار بەتەنیا و هەندێ جار پێکەوە دەستدرێژیی دەکردە سەرمان، دواتر پێش ئەوەی بهێڵێ جل لەبەر بکەینەوە، بە سۆندە لێی دەداین، تا بە گریان هێزمان تێدا نەدەما و دەکەوتین".


ئەگەرچی کاتێک لەیلا و کچە منداڵەکانی تر لە ماڵی شێخ دەبرێنە دەرەوە، هەر لەبەر دەستی داعشدان، بەڵام دڵیان خۆش دەبێت: "رۆژێک داعشێکی تر هاتەوە ژوورەوە، سەلامی لە شێخ کرد و چوار کچی تری هاوتەمەنی ئێمەی لە دواوە وەستابوو، گوتی، ئەوانەی هەدیەی ئەبوو عەبدوڵان بۆ تۆ. پاشان ئێمەی لەگەڵ خۆی برد و کچەکانی لە ماڵێ شێخ بەجێ هێشت".


لەیلا باس لە دڵخۆشیی خۆیان دەکات: "کاتێک ئێمەیان لە ماڵی شێخ بردە دەرەوە، زۆر دڵمان خۆش بوو، هەرچەندە زۆر بێهێز بووین، هەموومان پەڵەی شین و مۆری لێدان بە جەستەمانەوە بوو. تا مانگێکیش جێی گازەکانی شێخ لەسەر جەستەمان مابوو".


ئەو داعشە کاتێک لەیلا و کچەکانی تر دەباتە دەرەوە، دەیانباتە بارەگایەکی داعش و لەوێ بە داعشێکی بەتەمەن دەیانفرۆشێت: "ئەو داعشە بەرامبەر بە سێ سەد دینار ئێمەی لەو داعشيەی ماڵی شێخ کڕی، بردمانی بۆ ماڵی خۆی، هەر کە گەیشتین، هەرسێکمانی بردە ژوورێک داوای کرد جلەکانمان دابنێین، کاتێک جلەکانمان دانا، دەستی لێ دەداین، دواتر ویستی دەستدرێژیی بکاتە سەر من، گیانی لەرزی و بوورایەوە. ئێمە هاوارمان کرد و ترساین. ژنەکەی هات گوتی خەمتان نەبێ، ئەو دەمێکە بەهۆی برینداری ناتوانێ کەس ئازار بدات".


ئەو داعشە بەتەمەنە، ئەگەرچی توانای دەستدرێژیی نەبووە، بەڵام وەک ژنەکەی گوتوویەتی هەر چاوچنۆکە: "تا لەو ماڵە بووین لە دەستدرێژیکردن ئیسراحەتمان کردبوو، بەڵام دوای ماوەیەک، داعشێکی گەنج ئێمەی لەو کڕییەوە، ئەویش وەکوو شێخ هەم دەستدرێژیی دەکردە سەرمان و هەم لێی دەداین".


لەیلا و ئەو کچە رفێندراوانەی تر، ئەگەرچی تەمەنیان بچووک بووە، بەڵام بیریان لە خۆڕزگارکردن کردووەتەوە. لە دەرفەتێک گەڕاون، کە تەلەفۆنیان دەست بکەوێت و پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.


رۆژێک کاتێک داعشەکە دەڕواتە دەرەوە، لەناو جلەکانی تەلەفۆنێک دەدۆزنەوە، هەر یەکیان ژمارەی باوکی لێ دەدات، بەڵام کەس وەڵامیان ناداتەوە. بۆیە بێهیوا دەبن: "دوو رۆژ هەموومان ژمارەی باوکمان لێ دەدا، کەس وەڵامی نەدەداینەوە، زۆر دڵتەنگ بووین، دواتر کچێك ژمارەی خاڵی لێ دا، وەڵامی داینەوە. رۆژانە پەیوەندیمان هەبوو، تا کەسێکی نارد و ئێمەی بردەوە. کاتێک دەمانزانی داعشەکە دێتەوە، تەلەفۆنەکەمان دادەخست، لە شوێنی خۆی دامان دەنایەوە، کە دەڕۆیشت دەمانکردەوە".


دوای هەفتەیەک لە پەیوەندی، خاڵی ئەو کچە دیلە، پیاوێک دەنێرێت و بە پارە هەموویان لەگەڵ خۆی تا سنووری پێشمەرگە دەبات: "کاتێک خاڵی ئەو کچەی لەگەڵمان بوو وەسفی ئەو پیاوەی کرد سبەی ئێوارە دێ دەمانبات، زۆر دڵمان خۆش بوو، چاوەڕێ بووین، هەمیشە داعشەکە بەیانییان کە دەڕۆیشت، بە رۆژ کەم دەهاتەوە، زیاتر شەوان دەگەڕایەوە، بۆیە بەر لە هاتنەوەی ئەو، ئێمە دەرگامان کردەوە و پیاوەکە کەمێک دوور لەو ماڵە چاوەڕێی دەکردین، هەموومان بەپێی ئامۆژگارییەکانی ئەو لە بازگەگانی داعش دەجووڵاینەوە”. تا دەگەنە سنووری پێشمەرگە و لەوێ خاڵیان چاوەڕێیان دەکات.