سەرکردەیەک هەوڵی دەست لەکار کێشانەوەی بە کۆمەڵی پەرلەمانتارانی لوبنان دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەک هەوڵی دەست لەکار کێشانەوەی بە کۆمەڵی پەرلەمانتارانی لوبنان دەدات

سەرکردەیەکی لوبنانی هەوڵی دەست لەکار کێشانەوەی بە کۆمەڵی پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی، دەدات.

سەمیر جەعجەع، سەرۆکی پارتی قوات لوبنان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئێستا جگە لە بەهاناوەچوونی قوربانییانی تەقینەوەکەی بەیرووت، کار لەسەر بەهاناوەچوونی کۆماری لوبنان و رزگارکردنی لەو پەرلەمانەی ئێستا، دەدات.

سەمیر جەعجەع هەروەها رایگەیاندووە، دەستیان بە پەیوەندی کردووە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتارانی لوبنان دەست لەکار بکێشنەوە و ئامادەکاری بکرێ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

دوای تەقینەوەکەی بەیرووت تا ئەمڕۆ، شەش پەرلەمانتار (نیعمە ئەفرام، مەروان حەمادە، سامی جەمیل، نەیم جەمیل، ئیلیاس حنکش و پۆڵا یەعقوبیان)، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە 9-8-2020، خاتوو مەنال عەبدولسەمەد، وەزیری راگەیاندنی لوبنان، بەهۆی تەقینەوەکەی بەیرووتەوە، دەستی لەکار کێشایەوە.

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان (پەرلەمان)، لە 128 ئەندام پێک دێت (نیوە بە نیوە بۆ مسوڵمان و مەسیحییەکان)، دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکە لە 6-5-2018 ئەنجام درا.