باڵوێزخانەی عێراق: بەداخەوە لوبنان هاوکارییەکانی ئێمەی باس نەکرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

باڵوێزخانەی عێراق: بەداخەوە لوبنان هاوکارییەکانی ئێمەی باس نەکرد

باڵوێزخانەی عێراق لە لوبنان رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هاوکاریی لوبنانی کرد، بەڵام ”بەداخەوە“ لوبنانییەکان باسی هاوکارییەکەی ئەوان ناکەن.

لە بەیاننامەیەکدا، باڵویزخانەی عێراق لە بەیرووت رایگەیاندووە، عێراق لە وڵاتە یەکەمەکان بوو، کە هاوکاریی بۆ لوبنان نارد.

دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، عێراق بە کەلوپەلی پزیشکی، نەوت و گازی شل هاوکاریی بۆ لوبنان نارد.

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

رۆژی شەممە 8-8-2020، سوپای لوبنان، کە بە وەرگرتنی هاوکارییەکان راسپێردراوە، ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد، کە دوای تەقینەوەکە هاوکارییان بۆ لوبنان ناردووە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە هاوکارییەکانی عێراق نەکرد.

باڵوێزخانەی عێراق لە بەیرووت رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە چەندین شێوە هاوکاریی بۆ لوبنان نارد، بەڵام ”بەداخەوە“ سوپای لوبنان ئاماژەی بە هاوکارییەکانی عێراق نەکرد.

هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە توانجەوە باس لەوە دەکەن، کە سوپای لوبنان ئاماژەی بە هاوکارییەکانی ئێران کردووە و چونکە ”عێراق پارێزگایەکی ئێرانە“،، پێویست بە ناوهێنانی عێراق ناکات!

بەشێکی دیکەی هاووڵاتییانی عێراق باس لەوە دەکەن، کە سوپای لوبنان ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کردووە، کە هاوکارییان بۆ دەوڵەتی لوبنان ناردووە، بەڵام هاوکارییەکەی حکوومەتی عێراق بۆ میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی نێردراوە نەک دەوڵەتی لوبنان، بۆیە سوپای لوبنان ناوی عێراق نەخستە لیستی ئەو دەوڵەتانەی هاوکارییان ناردووە.