"بەشێک لە تووشبووانی کۆڕۆنا دوای چاکبوونەوەیان تووشی گرفتی دیکەی تەندروستی دەبن"
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

"بەشێک لە تووشبووانی کۆڕۆنا دوای چاکبوونەوەیان تووشی گرفتی دیکەی تەندروستی دەبن"

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی تووشی پەتای کۆڕۆنا دەبن، ئەگەری ئەوەیان هەیە دوای چاکبوونەوەشیان تووشی کێشە جۆراوجۆری تەندروستی یاخود گرفتی درێژخایەنی تەندروستی ببنەوە، بەتایبەتی کۆئەندامی هەناسە.


دکتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "لێکەوتە و دەرەنجامەکانی کۆڕۆنا لەسەر کەسانی تووشبوو دوای چاکبوونەوەیان دەکەوێتە سەر کەسی تووشبوو بە گوێرەی ئەو حاڵەتەی کە تووشی بووە ئاخۆ چۆن تووشی پەتاکە بووە، بە قورسی یاخود بە سووکی تووشبووە، هەروەها پێشتر ئەو کەسە نەخۆشی تری هەبووبێت یاخود نا".

گوتیشی: "بەشێک لەو کەسانە دوای چاکبوونەوەیان لە کۆڕۆنا بە تەواوەتی چاک دەبنەوە، بەڵام بەشێکیان، بەتایبەت ئەوانەی کە زۆر بە قورسی پەتاکەیان گرتووە یاخود کێشەی سنگیان هەیە، تاوەکو ئێستا بەپێی توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەگەری ئەوەیان هەیە دوای چاکبوونەوەشیان تووشی کێشە جۆراوجۆری تەندروستی یاخود گرفتی درێژخایەنی تەندروستی ببنەوە، بەتایبەتی کۆئەندامی هەناسە".

گوتیشی: "زیاتر ئەو کەسانە تووشی کێشە دەبن کە کێشەی کۆئەندامی هەناسە یاخود نەخۆشی ڕەبۆیان هەیە، سەبارەت بەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە، ئەگەر بە سووکی تووشی نەخۆشیەکە بووبن کێشەیەکی ئەوتۆیان نابێت دوای چاک بوونەوەیان".


بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو" تا ئەمڕۆ هیچ نمونەیەکی زیندوومان لەبەردەست نییە، چونکە ڤایرۆسەکە تازەیە و تا ئێستا دەرەنجامەکانی دوای تووشبوونمان نەبینیوە، لەوانەیە دوای شەش مانگ بۆ ساڵێک دەرەنجامەکان دەربکەون، ئێستا هەندێک کەسمان هەیە چاکبوونەتەوە لە نەخۆشیەکە و تاوەکو ئێستا بە کۆکەی توندەوە دەناڵێنن، بەڵام بۆ حاڵەتی قورس ئێستا زووە بڕیاردان لەسەر دەرەنجامەکان".


ڕاشیگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ پێشبینییەک لەبەردەست نییە کە دەری بخات کۆڕۆنا چ کاتێک کۆتایی پێ دێت، تەنیا یەک پێشبینی هەیە ئەویش ئەگەر بێت و سەرکەوتووبن لە دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا کە ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی ڤاکسین ئەگەر بێت و کوردستان سەرکەووتووبێت لە دروستکردنی ڤاکسینەکە، ئەوا بە شێوەیەکی خێرا کۆتای بە کۆڕۆنا دەهێنرێت، بەڵام بەپێی توێژینەوەکان تا ئێستا دیار نییە کەی کۆڕۆنا کۆتایی دێت".