فەرەنسا کۆنگرەیەک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لوبنان رێک دەخات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەرەنسا کۆنگرەیەک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لوبنان رێک دەخات

فەرەنسا بەهۆی تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، کۆنگرەیەک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لوبنان، رێک دەخات.

کۆنگرەکە لەلایەن فەرەنسا و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی یەکشەممە 9-8-2020 لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ساز دەکرێت.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری بەشداریکردنی لە کۆنگرەکە و پێشکەشکردنی هاوکاری بە بەهای 17 ملیۆن دۆلار، داوە.

پێشتر و لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەیرووت، کە دوای تەقینەوە گەورەکە ئەنجامی دا، ئیمانوێڵ ماکرۆن لەو شارە رایگەیاند، "پێویستە چاکسازی بکرێ، سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێ و دابەشکاریی بوەستێندرێ و شەڕی گەندەڵی بکرێت".

ماکرۆن بەڵێنی ناردنی هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ لوبنان دا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی دەدرێتە خەڵکی لوبنان و "ناچێتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە".

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.