ئێران: دەبێ ماکرۆن داوای لێبووردن لە لوبنانییەکان بکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئێران: دەبێ ماکرۆن داوای لێبووردن لە لوبنانییەکان بکات

بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بپێویستی دەزانێ سەرۆکی فەرەنسا داوای لێبووردن لە هاووڵاتییانی لوبنان بکات.

موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، لیدوانەکەی ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی لوبنان.

موحسین رەزایی پێیوایە لێدوانەکەی ئیمانوێڵ ماکرۆن ئازارێکی دیکەی خستە سەر ئازارەکانی لوبنانییەکان و ”لە بری هاوکاریکردنیان لە دیاریکردنی بەرپرسانی تەقینەوەکە، ماکرۆن هەوڵ دەدات ئاڵۆزی لە لوبنان دروست بکات و گۆڕانکاری لە سیاسەتی وڵاتەکە بکات“.

سکرتێری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەپێویستی دەزانێ سەرۆکی فەرەنسا داوای لێبووردن لە هاووڵاتییانی لوبنان بکات.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەیرووت، کە دوای تەقینەوە گەورەکە ئەنجامی دا، ئیمانوێڵ ماکرۆن لەو شارە رایگەیاند، "پێویستە چاکسازی بکرێ، سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێ و دابەشکاریی بوەستێندرێ و شەڕی گەندەڵی بکرێت".

ماکرۆن بەڵێنی ناردنی هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ لوبنان دا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی دەدرێتە خەڵکی لوبنان و "ناچێتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە".

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.