"جەژن ئاماری تووشبووانی کۆڕۆنای لە هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە"
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

"جەژن ئاماری تووشبووانی کۆڕۆنای لە هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە"

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تێکەڵاوبوون و سەردانیکردنی هاووڵاتیان لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووانی پەتای کۆڕۆنایە لە هەرێمی کوردستان.


دکتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ئێستا چارەسەری کەمیی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکاندا کراوە بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان دەشێ دووبارە تووشی هەمان گرفت ببینەوە، ئەو کێشەیەش تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو هەموو ئەو شوێنانەی کە پەتای کۆڕۆنا تیایاندا بەربڵاوە تووشی ئەو گرفتەی دەبن، بەڵام ئێستا هیچ کێشەیەکی کەمی ئۆکسجینمان نەبووە".


ڕاشیگەیاند: "بەداخەوە کە تێکەڵاوی و سەردانیکردنی هاووڵاتیان لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا ئەنجامی باشی نەبووە و بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتر و خێراتری پەتاکە، ئەمەش کاری ئێمەی قورستر کردووە، هەروەها ڕۆژانی پێش جەژن بازاڕەکان زۆر قەرەباڵغ بوون و خەڵکێکی زۆر تێکەڵی یەکتری بوون".


بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە کە بەداخەوە ئەمڕۆ ئامارەکانی تووشبووان لە شاری هەولێر و دهۆک ڕوو لە هەڵکشان بوون، پێویستە هاووڵاتیان هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پەتایە بکەن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی زوودا بگەڕێینەوە باری ئاسایی و ژیان ئاسایی ببێتەوە".


هەروەها گوتی: "ئێمە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبووانمان دەکرد لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، بەڵام دەسەڵاتی قەدەغەی هاتوچۆ درایە دەست پارێزگارەکان، ئەوانیش بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی هاووڵاتیان قەدەغەی هاتووچۆیان ڕانەگەیاندووە، هەرچەندە ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی پێمان باش بوو کە لە ڕۆژانی جەژندا قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەندرێت".