شارەزایەک چەند زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەخاتە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شارەزایەک چەند زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەخاتە ڕوو

گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لە پاڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەم ئاستەی ئێستا.


ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەم ئاستەی ئێستا پێشبڕکێی نێوان وڵاتی چین و ئەمریکایە، چونکە وڵاتی ئەمەریکا لە یەدەگی زێڕدا زیاتر لە 8132 هەزار تۆن زێڕی یەدەگی هەیە، کە بە پێش چین کەوتووەتەوە، بەو هۆیەوە چینیش زیاتر زێڕی کڕییەوە و سەرجەم دۆلارەکانی خۆی کرد بە زێڕ، چونکە ئەمەریکاش لە بری دۆلار زێڕ وەردەگرێت، کە ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر دۆلار".


گوتیشی: "بڵاو بوونەوەی پەتای کۆڕۆناش یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، لەگەڵ قوڵبوونەوەی کێشە سیاسییەکان و تێکچوونی دۆخی ئابووریی جیهان، چونکە جیهان نەکەوتووەتە ئەو قۆناغەی کە ئابووری تیایدا لە خاڵێکدا بوەستێت، بێگومان ئەو مەترسییانە لەسەر هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەی جیهان دەبێت، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕێژەیەکی زۆر زێڕمان نییە و بانکەکانیشمان یەک مسقاڵیش زێڕی یەدەگیان تێدا نییە".

ئەوەشی گوت: "بەهۆی ئەوەی لە یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیدا لە ساڵی 1944 کە بە واژووی چەند وڵاتێک نرخی زێڕ بە رامبەر بە دۆلار پێوەر کراوە، ئێستا دۆلار مەترسییەکی گەورەی لەسەرە و لە ژێر هەڕەشەی کەوتن و دابەزینێکی زۆر دایە لە جیهاندا و مەترسی ئەوەی لەسەرە کە چیتر مامەڵەی پێوە نەکرێت".


ڕاشیگەیاند: "بەرزترین نرخی زێڕ بۆ ئەمڕۆ، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 360 هەزار دینار فرۆشراوە و بە نرخی ‌349 هەزار دینار کڕدراوەتەوە لە هاووڵاتیان".