داستانی مەم و زین بە هەورامی چاپ و بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

داستانی مەم و زین بە هەورامی چاپ و بڵاو کرایەوە

نامق هەورامی نووسەر و توێژەری کورد، داستانی مەم و زین کە پێشتر بە دوو دەق و بە هەورامی نووسراوە، ساغ کردووەتەوە و هاوکات لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكاریی لەسەر داستانی مەم و زین نووسیوە و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

نامق هەورامی، نووسەر و ئامادەکاری ئەو بەرهەمە وێژەییە، ئەمڕۆ پێنجشەمە 6/8/2020 بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ماوەی دوو رۆژە بەرهەمێكی وێژەییم بەناوی (مەم و زین بە هەورامی)  چاپ كە لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكارییە لەسەر داستانی مەم وزینی ئەحمەدی خانی بە هەورامی."

 ئەو نووسەرە گوتیشی: "بەرهەكە لێكۆڵینەوەیەكە لەبارەی دوو دەستنووسی كۆن، یەكێكیان 250 ساڵ زیاتر تەمەنیەتی، ئەویتریشیان 130 ساڵێكە، هەردووكیان داستانی مەم و زینن بە هەورامی نووسراون، یەكەمیان لای بەڕێز كەیوومەرس نیكڕەفتار بوو، دووەم لە ئەرشیفی كتێبخانەی بەرلین، من ئەمانەم هێناوەتەوە سەر ڕێنووسی تازە و لەگەڵ مەم و زینی ئەحمەدی خانی لێكدانەوەم بۆ كردووە."

نامق هەورامی ئەوەشی خستە ڕوو: "لەم لێکۆڵینەوەدا بەوە گەیشتم كە مەم و زین موڵكی یەك شاعیری دیاریكراو نییە، بەڵكوو داستانێكە لە كوردەواریدا هەبووە، واتە لەناو كرمانجەكان و ئێزدییەكان و لە موكریان و رەواندز و هەورامان، مەم و زین بە شێوەی نەزم وبەیت هەیە."

 ئەو بەرهەمە وێژەییە ماوەی دوو رۆژە لە تاران چاپ كراەوە و گەیشتووەتە كتێبخانەكانی هەرێمی كوردستان.

نامق هەورامی شاعیر و نووسەر و توێژەری کوردی ناوچەی هەورامانی باشووری کوردستانە و خاوەنی چەندین دیوانە شیعر و چەندان کتێبی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی ئەدەبی کوردی، بەتایبەت ئەدەبی گۆران و هەورامان.