خورماتوو.. جارێکی‌تر بە نووسراوی فەرمی پشتگیریی گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خورماتوو.. جارێکی‌تر بە نووسراوی فەرمی پشتگیریی گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان دەکرێت

"هێزە ئەمنییەکانیش پاڵپشتیی عەرەبی هاوردە دەکەن"

لە سنووری خورماتوو هەوڵ جارێکی دیکە هەوڵ دەدرێت لەڕێگەی نووسراوی فەرمیی پارێزگاری سەڵاحەدینەوە عەرەبە هاوردەكان بۆ ناوچەكی دیكەی كوردنشین بگەڕێندرێنەوە و بەرپرسێكیش لەو بارەیەوە زانیاری دەخاتە ڕوو.

ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نووسراوێكی فەرمی لەلایەن پارێزگاری سەڵاحەدینەوە ئاراستەی قایمقامیەتی خورماتوو كراوە كە تێیدا فەرمانی بە قایمقام كردووە كە ئەو عەرەبانەی كاتی بەعس لە ناوچەی (حەیفا)ی سنووری خورماتوو بوون بگەڕێندرینەوە، هەروەها خزمەتگوزاریشیان پێ بگەیەندرێ، ئەمەش دیارە هەوڵی تەعریبكردنەوەی ناوچەكەیە و بۆ داگیركردنی زەوی و زاری كوردانە كە ئەو هەوڵە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەردەوامە و تا ئێستاش دەسەڵات لە ناوچەكە بە هەمان ئەقڵیەتی بەعسەوە مامەڵە دەكات".

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستە ڕوو: "لەم چەند رۆژەی رابردووشدا بینیمان كە بە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەكان، چەند خێزانێكی عەرەبی هاوردە گەڕێندرانەوە گوندە كوردەكانی نێوان خورماتوو و داقووق و ئیتر ئەوە بوو خەڵك لێیان ڕاپەڕی و نەیانهێشت ئەو عەرەبانە لەوێ بمێننەوە و كورد لە ناوچەكە سەرەڕای ئەوەی دۆخی نالەبارە، ئامادەش نیین زەوی و زاریان داگیر بكرێت و لە دوورەوە تەماشا بكەن و هێزە عێراقییەكان پاڵپشتی لە عەرەبە هاوردەكان دەكەن و عەرەبەكان كۆڵ نادەن".

ئەرسەلان عەلی گوتیشی: "رەنگە بۆ چەند رۆژی داهاتوو دیسان بگەڕێنەوە، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان كار بكەن بۆ ئەوەی ئەو كێشانە دووربارە نەبنەوە، یاخود هەوڵ بدرێت ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی كاتی بەعس بۆ عەرەبە هاوردەكان کراون و ئێستا نوێ دەكرێتەوە، هەڵبوەشێنرێنەوە".

لە سنووری خورماتوو و ناوچە كوردستانییەكانی دیکە، بەشێكی زۆر لە گوندە كوردییەكان تاپۆی رەشیان هەیە و بەناوی كوردەكان خۆیانەوەیە، بەڵام كاتی بەعس بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە، ئەو زەوییانە بە شێوەی گرێبەست دەدرایە عەرەبە هاوردەكان، پاش ساڵی 2003 ئەو عەرەبە هاوردانە گەڕانەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئێستا جارێكی تر دەگەڕێنەوە و لە هەندێك ناوچە گرێبەستەكانیان بۆ نوێ دەكرێتەوە".