لە هەولێر دوو کەس لەسەر فرۆشتنى ئۆکسجین دەستگیر كران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە هەولێر دوو کەس لەسەر فرۆشتنى ئۆکسجین دەستگیر كران

قایمقامى قەزاى ناوەندیى هەولێر رایگەیاند دوو کەسیان دەستگیر کردووە، کە بوتڵى ئۆکسجینیان لە شەقامى پزیکشانى هەولێر فرۆشتووە، ئەو کەسانە بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ و ئۆتۆمبێلەکەشیان دەستى بەسەردا گیراوە.


نەبەز عەبدولحەمید قایمقامى قەزاى ناوەندیى هەولێر بە (باسنیوز)ى راگەیاند "تیمەکانمان بە هاوکاریی پۆلیسى شارەوانیى هەولێر، توانیان دوو کەس دەستگیر بکەن، کە ژمارەیەکى زۆر بوتڵى ئۆکسجینیان لە شەقامى پزیشکانى هەولێر دەفرۆشت، بۆیە سەرەڕاى دەستگیرکردنى ئەو دوو کەسە، دەستیش بەسەر تەواوى بوتڵە ئۆکسجینەکان و ئۆتۆمبێلەکەشدا گیرا".


هەروەها رایگەیاند "بە هیچ شێوەیەک رێگە بە فرۆشتنى ئۆکسجین نادەین بەم شێوەیە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆى بڵاوبوونەوەى دڵەڕاوکێ لاى هاووڵاتیان، جگە لەمەش ئۆکسجین تەنیا لە کارگەکان دەفرۆشرێ نەک لەسەر شەقام، چونکە مامەڵەکردن بە بوتڵى ئۆکسجین پێویستى بە شارەزایى هەیە و کارى هەموو کەس نییە".


ئاماژەى بە ئەوەش کرد "ئەو کەسانەى دەستگیر کراون، سەوزەفرۆشن، بۆیە ناکرێ هەر کەسێک بیەوێ ئۆکسجین بفرۆشێت، بەم هۆیەوە بەپێى یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین و دەیاندەینە دادگا".


هەروەها گوتی بەپێى لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەم کەسانە بە مەبەستى قۆرخکردن ئەو ئۆکسجینەیان کڕیوە، بۆ ئەوەى بە نرخێکى گران ساغى بکەنەوە.