ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ند بریارێكی نوێی ده‌ركرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ند بریارێكی نوێی ده‌ركرد


ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشەممە ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی ته‌ندروستی و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و توانا ته‌ندروستییه‌كان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند بریارێكی نوێی ده‌ركرد.


ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (باسنیوز) نێردراوه‌، ڕایگه‌یاند "هۆڵی وه‌رزش، مه‌له‌وانگه‌كان و هۆڵی بۆنه‌كان، ئاهه‌نگه‌كان، نێرگه‌له‌خانه‌ و یانه‌كان به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه‌، پرسه‌ و ئاهه‌نگ، بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆر و یاده‌كانیش ڕێگه‌پێدراو نین‌".


وه‌ك له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ هاتووه‌ "مه‌رزه‌كانی (پشته‌و ته‌وێڵه‌) ته‌نها بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی كراوه‌ ده‌بن و پێویسته‌ سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جی بكرێن".


له ‌به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو "بۆ زیاتر كۆنترۆڵی په‌تاكه ‌و دۆزینه‌وه‌ی تووشبووان و چاره‌سه‌ری باشتر به‌ نه‌خۆشه‌كان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، داواكارین له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ دابینكردنی مه‌وادی پشكنین ڕه‌چاوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بكات و به‌پێی پێویست بۆی دابین بكات، هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ربگرێت به‌ دابینكردنی بودجه‌ی پێوست بۆ بانكی خوێنی هه‌ڵه‌بجه‌ و دابینكردنی ئامێری پێویست بۆ جیاكردنه‌وه‌ی پلازمای خوێن بۆ به‌كارهێنانی توشبووه‌كان، كه‌ پێویستیان پێی ده‌بێت".


ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ جه‌ختیشی كردووەته‌وه‌‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ هاتنی گه‌شتیارانی ده‌ره‌وه‌ نادرێت سه‌ردانی ناوچه ‌گه‌شتیارییه‌كان بكه‌ن.