پسپۆرێکی کۆشکی سپی لەبارەی كۆرۆناوە زەنگێكی ئاگادارکردنەوە لێ دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پسپۆرێکی کۆشکی سپی لەبارەی كۆرۆناوە زەنگێكی ئاگادارکردنەوە لێ دەدات

لە قۆناغێکی نوێی پەتایەکەداین


لەگەڵ خێرابوونی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهاندا، دوای گەیشتنی ژمارەی تووشبووان بە زیاتر لە 18 مليۆن کەس و گەیشتنی ئەمەریکا بە پێشەنگی وڵاتانی تووشبوو، پسپۆرێکی بەناوبانگی کۆشکی سپی زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا.


دیبۆرا بێرکس راوێژکاری کۆشکی سپی هۆشداری دا کە ئەمەریکا سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چووەتە ناو قۆناغێکی نوێوە و ناوچە گوندنشینەکانیش وەک شارە گەورەکان کەوتوونەتە بەر هەڕەشە.


بێرکس، کە سەرۆکایەتی شانەی تەنگژەی تایبەت بە لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات لە کۆشکی سپی، بۆ تۆڕی (سی ئێن ئێن) گوتی “ئەو رێوشوێنە لۆکاڵییانەی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گیراونەتە بەر بەرهەمیان هەبووە”، بەڵام ئەوەشی گوت “ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین جیاوازە لەوەی لە مانگەکانی ئازار و نیسان دیتمان”.


دەشڵێ “بۆ هەموو ئەوانەی، کە لە گوندەکاندا دەژین، ئێوەش لەو ڤایرۆسە پارێزراو نین”، دووپاتیشی کردەوە “ئێمە لە قۆناغێکی نوێداین”.


ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، ئەوانەی پەیوەستن بە سەلامەتی، وەک بەستنی دەمامک و پاکوخاوێنی و دابڕان و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، بابەتی زۆر گرنگن.


کۆی ژمارەی تووشبووان بە پەتایەکە لە ئەمەریکا تا ئێستا 4,665,002 تووشبووە و لەناویاندا 154,834 کەس گیانیان لەدەست داوە، بەمەش بووە بە زەرەرمەندترین وڵات بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەدوای ئەویش بەرازیل دێت بە 2,733,677 تووشبوو و 94,104 گیانلەدستدان. ئینجا وڵاتی هیندستان لە پلەی سێیەمدا دێت لە زەرەرمەندان، بە تۆمارکردنی 1,750,723 تووشبوو و 37,364 گیانلەدەستدان.


ئەمە دوای ئەوە هات، کە هەفتەی رابردوو، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هۆشداریی دا لەوەی، کە پەتایەکە درێژخایەنە.