شاندێکی کەنەدی بۆ زانینی چارەنووسی چوار منداڵی رفێندراو چوونەتە قەندیل
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شاندێکی کەنەدی بۆ زانینی چارەنووسی چوار منداڵی رفێندراو چوونەتە قەندیل

چەند رۆژێكە دەنگۆی "چوونی شاندێكیی ئەمریكی بۆ قەندیل" بڵاو بووەتەوە، گوایە شاندە ئەمریكییەكە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، چووەتە قەندیل، بەڵام لەراستیدا ئەو شاندەی چووەتە قەندیل هیچ پەیوەندییەكیان بە ئەمریكییەكانەوە نییە و كەنەدین.

هۆكاری سەردانی كەنەدییەكان بۆ قەندیل، دەگەڕێتەوە بۆ سوراخكردن و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 4 منداڵی رفێندراوی كەنەدی، كە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی "د. سارین ئازەر"ەوە رفێندراون و رێگەیان نادات بگەڕێنەوە كەنەدا.

د. سارین.. باوك یان رفێنەری منداڵەكانی

د. سارین ئازەر، ناوی تەواوی "سەڵاحەدین مەحموود ئازەر"ە، لە بنەڕەتدا خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، دوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە كەنەدا، وەك پزیشك كار دەكات و لەوێ ژنێك بەناوی ئەلیسۆن دەناسێت، دواتر هاوسەرگیری دەكەن، ئەوان دایك و باوكی4 منداڵن، كە 2 كوڕ و 2 كچن.

لە ساڵی 2014، د. سارین و ئەلیسۆنی هاوسەری، بە فەرمی لە دادگا لێك جیا دەبنەوە، لەبارەی چارەنووسی منداڵەكانیش، دادگا بڕیار دەردەكات بە نۆرە لەلای دایك و باوكیان بمێننەوە.

لە كۆتایی 2015 دا كاتێك منداڵەكان لای باوكیان دەبن، سەڵاحەدین ئازەر سواری فڕۆكەیان دەكات و دەچنە سلێمانی، دواتریش بەناوی گەیاندنی دەرمان و هاوكاری پزیشكی بۆ پەكەكە، سەڵاحەدین ئازەر منداڵەكانی دەباتە قەندیل و ئیدی ناگەڕێتەوە.

 ناوچەی جەنگ:

وێبسایتی ناشناڵ پۆستی كەنەدی، رۆژی 11ی 3ی 2016، راپۆرتێكی لەبارەی رووداوەكە بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: "چوار منداڵی كەنەدی لە ناوچەیەكی جەنگدا دەستبەسەر كراون و پێ ناچێت هیچ كەسێك هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەیان بدات".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، هیچ شاندێكی ئەمریكی سەردانی قەندیلی نەكردووە و دوێنێ گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە هیچ شاندێکی ئەمریکی سەردانی قەندیلی نەکردووە.

ئەوانەی چوونەتە قەندیل، كەنەدین و بۆ سوراخی ئەو چوار منداڵە كەنەدییە چوونەتە ناوچەكە، هاوكات وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن)یش ره‌تی كردووه‌ته‌وه‌ هیچ گفتوگۆیه‌كیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ هه‌بووبێت.

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی جیاواز و باوەڕپێكراو، ئەلیسۆن، كە دایكی منداڵەكانە، لە ئینتەرپۆل سكاڵای لەسەر سەڵاحەدین تۆمار كردووە و بە رفاندنی منداڵەكانی تۆمەتباری كردووە، ئینتەرپۆلیش لە چەندین فڕۆكەخانەی وڵاتانی ئەورووپا، پۆستەری داواكردنی زانیاری لەبارەی سەڵاحەدین هەڵواسیوە.

گەڕان بەدوای منداڵەکان لە مەهاباد:

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ رووداوه‌كه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی مانەوەی سەڵاحەدین لە ناو پەكەكەدا هەیە، هه‌ندێكیان پێیانوایه‌، سەڵاحەدین لە كەنەدا هاوكاریی پەكەكەی كردووە و لۆبی بۆ كردوون، بۆیه‌ رێگه‌ی دراوه‌ له‌وێ بمێنێته‌وه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ش وای داده‌نێن سەڵاحەدین ناسیاوی لەناو پژاك هەیە و توانیویەتی لەو رێگەیەوە لە ناوچەكە بمێنێتەوە.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئێستا سەڵاحەدین لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو كەسوكاری خۆیدا دەژی.

 (ئەلیسۆن ئازەر) هاوسەری پێشووی سەڵاحەدین و دایكی چوار منداڵەكە، ساڵی 2018 بۆ دۆزینەوەی منداڵە رفێندراوەكانی سەردانی ئێران و مەهابادی كردووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ بە هیچ بكات و بەدەست بەتاڵی ئێرانی بەجێ هێشتووە.

ئەم بابەتە لە (كوردستان ٢٤) وەرگیراوە