بانکى خوێنى هەولێر داوا دەکات ئەوانەى لە کۆڕۆنا چاکبوونەتەوە پلازماى خوێن ببەخشن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بانکى خوێنى هەولێر داوا دەکات ئەوانەى لە کۆڕۆنا چاکبوونەتەوە پلازماى خوێن ببەخشن

"پلازماى خوێنى هەر چاکبووەوەیەکى کۆڕۆنا بۆ سێ توشبوو بەکاردەهێندرێت"

بەڕێوەبەرى بانکى خوێنى هەولێر داوا لەو کەسانە دەکات کە ڤایرۆسى کۆڕۆنایان پەڕاندووە بچن بۆ بەخشینى پلازماى خوێن و رزگارکردنى گیانى ئەو کەسانەى توشبووى کۆڕۆنان و تەندروستیان ناجێگیرە.

د. هۆشیار یاسین، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێنى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "توانیومانە پلازماى خوێنى زیاتر لە 100 کەس لەوانەى کە لە ڤایرۆسى کۆڕۆنا چاکبوونەتەوە وەربگرین، ئەمەش بەپێى ئەو لیستەى کە لەبەر دەستماندایە و ناو و ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنى ئەو کەسانەى تێدایە کە ڤایرۆسەکەیان پەڕاندووە، هەر کەسێکیش 600 سیسى پلازماى خوێنى لێوەردەگیرێت، کە دەتواندرێت بۆ چارەسەرکردنى 3 توشبووى کۆڕۆنا بەکار بهێندرێت".

راشیگەیاند: "پلازماى خوێنى ئەو کەسانەى لە ڤایرۆسەکە رزگاریان بووە بۆ ئەو نەخۆشانەى کۆڕۆنا بە کار دەهێندرێت، کە بارى تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە پلازما هەیە، ئێستاش دەرکەوتووە ئەوانەى پلازماى خوێنیان بۆ داندراوە سوودێکى باشیان لێوەرگرتووە، بۆیە لێرەوە داوا لەوکەسانە دەکەین کە لە ڤایرۆسەکەیان پەڕاندووە بێن پلازما ببەخشن بۆ رزگارکردنى گیانى توشبووانى کۆڕۆنا".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" رێککارەکانى وەرگرتنى پلازماى خوێن هەمان رێککارى وەرگتنى خوێنە لە کەسێک، بۆیە ئەوانەى دێن بۆ بەخشینى پلازما پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام دەبێ ئەو کەسەى پلازماى لێوەردەگیرێت ماددەى دژە تەنى دژى ڤایرۆسى کۆڕۆنا دروست کردبێت، ئینجا پلازماکەى لێوەردەگیرێت".

ئەوەشى خستەڕوو" بەخشینى پلازماى خوێن زۆر گرنگە چونکە دەتواندرێت بۆ ماوەى ساڵێک هەڵبگیرێت و پاشان بەکار بهێندرێت، ئێمەش مەبەستمانە رێژەیەکى باش لەو پلازمایە لە کۆگاکان و ساردکەرەوەکان پاشەکەوت بکەین".