سەرکردەکانی عێراق لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کۆک نین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەکانی عێراق لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کۆک نین

د.مەحموود عوسمان : هەڵبژاردن بەبێ سەرژمێری و چەک دانانی میلیشیاکان لەوانەی پێشتر باشتر نابێت

هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق وادەیەکی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو راگەیاند بەڵام سەرکردەکانی عێراق ڕای جیاوازییان هەیە و کۆک نین لەسەر ئەو وادەیە.

دوای ئەوەی مستەفا کازمی ٦ حوزەیرانی 2021ی بۆ رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کرد، بە دوای ئەودا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەو وادەیەی بە دوور زانی و داوای کرد پەرلەمانی عێراق بە بەشداری هەر سێ سەرۆکاتییەکە وادەیەکی نزیکتر دیاری بکات، لای خۆشیەوە هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تح پێشنیازی واده‌یه‌كی دیکەی کردووە، لەمبارەیەوە د.مەحمود عوسمان، سیاسەتوانی کورد پێیوایە بەبێ سەرژمێرییەکی ڕاست و دروستی دانیشتووانی عێراق، لەگەڵ چەکدانانی میلیشا چەکدارەکان هەڵبژاردن لە عێراق لەوانەی پێشتر باشتر نابێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی 6ی حوزەیرانی 2021ی وەکو ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کرد، هەر لە دوای دیارکردنی وادەی هەڵبژاردنیش لەلایەن مستەفا کازمیەوە، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای کرد كاتی هەڵبژاردنەكە بخرێتە پێشتر و بەر لەوەش پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە.

لە راگەیەندراوێکیشدا هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تح پێشنیازی واده‌یه‌كی دیکەی کردووە کە کاتەکەی جیاوازە له‌و واده‌یه‌ی كه‌ مسته‌فا كازمی دیاری کردووە، عامری ئاماژەی بەوە داوە ئەوان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەن بەڵام‌ باشتره‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی چواری 2021 دا به‌رێوه‌بچێت.

لەمبارەوە، د.مەحموود عوسمان، گوتی: “ئەوە تەنیا موزایەدەی سیاسییە هەر یەکەی دێت رۆژێک دیاری دەکات، لە راستیدا عێراق لە دەستی چەندین کەس دایە و هەر یەکەی خۆی پێ لە حکوومەت و وڵاتەکەش گەورەترە، چونکە خاوەنی میلیشیا و چەک و پارەیە، هیچ کامێکیان نایەت راستیەکە بڵێت کە پێش وادەی هەڵبژاردن پێویستە سەرژمێری راست و دروست هەبێت کە ٢٥ ساڵە لە عێراق نەکراوە و نازانرێ ئێستا چەند ملیۆنە، جگە لەوەش چەک بەدەستی شەخس و میلیشیاکانەوەیە ئەوانە تا چەکەکانیان دادەنێن هەڵبژاردن بەهایەکی وای نابێت، هەر هەڵبژاردنێک دەبێ لە شێوەی هەڵبژاردنەکانی دیکە کە چارەسەری دۆخی عێراق ناکات".