شێخ شامۆ، سۆران عومه‌ر بە درۆ دەخاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شێخ شامۆ، سۆران عومه‌ر بە درۆ دەخاتەوە

”عێراق ناهێڵێت جینۆسایدی ئێزیدیان ببێتە كەیسێكی نێودەوڵەتی“

 


راوێژکارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وه‌ڵامی ئەو تۆمەتانەی سۆران عومەر په‌رله‌مانتاری پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ده‌داته‌وه‌، کە لەبارەی سەردانیان بۆ دادگایی لاهای و بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگال کردبوویان، پێیان ده‌ڵێت: "شه‌رم له‌ خۆتان ناكه‌ن ئەوەندە درۆ ده‌كه‌ن؟".

شێخ شامۆ، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی بۆ (باسنیوز) رای گەیاند: "سۆران عومه‌ر درۆ ده‌كات كە دەڵێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی لە پرسی بەنێودەوڵەتیكردن و بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش دژی ئێزدیان لە دادگای لاهای، كەمتەرخەمن، لەراستیدا به‌داخەوە په‌رله‌مانی كوردستان ئەوکات نه‌ك به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵنه‌ستا کە یوسف محه‌مه‌د سەرۆکی پەرلەمان بوو، به‌ڵكوو هیچ هاوكارییەکی ئه‌و كه‌یسه‌شی نه‌کرد، شه‌رمه‌ بۆ په‌رله‌مانتارێک بە ئاشکرا درۆ بكات، کە راستیەکەی ئەوە بوو‌ ئێمه تەنیا‌ په‌یامی شه‌نگالمان گه‌یاند، ده‌بوو لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ جینۆساید ئه‌و ئه‌ركه‌ی بگرتایەتە ئەستۆی خۆی ئەو بەڵگانەی دادگای لاهای داوای کردبوون پێشکەشی بکات، ئەو لیژنەیەش هەر‌ پارتیی تیادا نه‌بوو، یه‌كێكیان یه‌كگرتوو و ئه‌وی دیكه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ئێزدیه‌ك بوون".

گوتیشی: "ئه‌و سه‌ردانه‌ی ئێمه‌ راست بوو كردمان بۆ دادگای لاهای سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشمان له‌گه‌ڵ بوو، بەڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌كەدا‌ سەرۆکی پەرلەمان ئاماده‌ نه‌بوو، بەڵکوو تەنیا من و سۆران عومه‌ر و كاك سروود بووین، ئه‌ویش وه‌كوو نوێنه‌ری مه‌سیحیه‌كان هاتبوو، ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌بوو حكوومه‌تی عێراق وه‌كوو ده‌وڵه‌ت بیجووڵینێت، چونکە لە چوارچێوەی سیاده‌ی عێراقیدا ئەو تاوانانە روویان داوە لە دژی ئێزیدیەکان،‌ ئەوە راسته‌ کە گوترا بەڵگە بهێنن، به‌ڵام ده‌بوو عێراق ئەو کارە بکات، كوردستان لیژنه‌ی باڵای دروست كرد، بەڵام كاتێك عێراق بەڵگەکان‌ نەدات و خۆی نەکات بە خاوەن، ئەو لیژنەیەی‌ کوردستان بە تەنیا هیچی بۆ ناکرێت، بەڵام بەداخەوە راستیەکە ئەوەیە عێراق هه‌وڵی ده‌دا كاره‌ساتەکە ناوخۆیی بمێنێتەوە نەبێت بە كەیسێكی نێودەوڵەتی“.

شێخ شامۆ، جەختی لەوەش کردەوە کە سۆران عومه‌ر لەوەدا درۆ دەكات کاتێک دەڵێ: ”پارتی کەمتەرخەم بووە“، و ئەو راستیەش نادرکێنێ کە سەرۆکی پەرلەمان یوسف محەمەد نه‌یهێشتووە په‌رله‌مان وه‌كوو بەرپرسیاریی نه‌ته‌وه‌یی بڵێت (ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئێزدیاندا هاتووه‌ جینۆسایدە).

شامۆ گوتیشی: ”حزبه‌كه‌ی سۆران عومەر و یوسف محمەد خۆیان دایم هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئێزدی بكه‌نه‌ قوربانی له‌دژی پارتی به‌كاری بهێنن، کە لە راستیدا ئه‌وان بوون رێگر بوون له‌وه‌ی په‌رله‌مان وەك دامەزراوەیەكی نیشتمانی كاری خۆی بكات کە ئەو کەیسە‌ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت‌‌“.

ئەو نوێنەرەی ئێزیدیەکان لەوکاتی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد کە سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دهۆك هه‌زاران به‌ڵگه‌ی كۆ كردووه‌ته‌وه،‌ گوتیشی: ”کێشەی سەرەکی نەبوونی بەڵگە نیە، ئەو تاوانە روون و ئاشکرایە و بەڵگە و شاهید زۆرن، ئەوەی هەیە له‌م دۆسیەیەدا به‌غدا رێگرە لە بەجینۆسایدناساندن و بەنێودەوڵەتیبوونی کەیسەکە،‌ نه‌ك ئەوەی سۆران عومەر دەیڵێت، ئەگەریش وایە با ئه‌وانه‌ی شانازی به‌ عێراقیبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن فه‌رموون به‌به‌غدا بڵێن ئه‌و كه‌یسە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە بجووڵێنێت".