ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و سەرنجێکی دەستووری
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و سەرنجێکی دەستووری

 

له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس كورد به‌و مه‌رجه‌ به‌شداری له‌ بنیادنانه‌وه‌ی عێراق و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق كرد كه‌ مافه‌كانی له‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوور بچه‌سپێن، له‌ هه‌مان كاتدا كورد له‌ عێراق ببێته‌ هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ و له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ناوه‌نده‌كانی بڕیار به‌شداری پێ بكرێ، به‌مه‌ش مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ پاڵ مافی عه‌ره‌ب و گه‌لانی تری عێراق له‌ ده‌ستوور جێگیر كرا، له‌ ڕێگای ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوور له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان چاره‌سه‌ركردنیش جێگیر كرا.

له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها‌ چه‌ندین پرس له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌ و بگره‌ ئاڵۆزتریش بوون، لە ماوه‌ی 17 ساڵ له‌ ئازادكردنی وڵات و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور كاره‌كته‌ره‌كانی حوكمڕانی عێراق نه‌یانویستووه‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێ و ماف و داخوازییه‌كان له‌و چوارچیوه‌یه‌ به‌ كورد بده‌ن، كورد هه‌میشه‌ داوای كردووه‌ له‌ گفتوگۆكان ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوور بكریته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك چونكه‌ پرسه‌كانی یه‌كلایی كردۆته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی جڵه‌وی ده‌سه‌لاتیان له‌ به‌غدا گرتۆته‌ ده‌ست زۆرترین پێشێلكاریی ده‌ستووریان ده‌رهه‌ق به‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام داوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هیچ نیه‌تیك بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ و مادده‌كانی ده‌ستوور وه‌كوو خۆی نابینرێ.

نوێترین مشتومڕی نێوان حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان بابه‌تی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، كۆمه‌ڵێك ده‌زگا و ناوه‌ندی ئیعلامی بابه‌ته‌كه‌ وا وێنا ده‌كه‌ن كه‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندی بێ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان تاكلایه‌نه‌ ده‌توانێ ده‌ست به‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بگرێ، ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ دوو خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ، یان ئەوەتا به‌ مه‌به‌سته‌ و ده‌یانهه‌وێ له‌ پێگه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و بانگه‌شه‌ی فه‌رزكردنی بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی به‌سه‌ر هه‌رێم بكه‌ن له‌ كاتێكدا ده‌ستوور و یاسا ڕێگری له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ كردووه‌، یاخود به‌ هه‌نگاوه‌كانی كازمی شاگه‌شكه‌ بوون و پێیان وایه‌ دار عه‌ساكه‌ی مووسای به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و عێراق له‌ وڵاتێكی غه‌رقبوو له‌ گه‌نده‌ڵی و گیرۆدە بە كێشه‌ و ململانێی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی ده‌كاته‌ به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مین.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی پێشووی عێراق بڕیارێكی له‌باره‌ی یه‌كخستنی پێناسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌ركرد كه‌ به‌ بڕیاری ژماره‌ ۱۳ی سالی ۲۰۱۹ ده‌ناسرێ، له‌ بڕیاره‌كه‌ هاتووه‌ (بەڕێوەبردنی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لای ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق ده‌بێت، به‌پێی یاسای ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، بەشێوەیەک کە‌ پشت بەو فەرمانبەرانە ببەسترێت کە دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن و خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕین له ‌بواره‌كانیان و له‌سه‌ر میلاكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كار دەكه‌ن) لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە (پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو وه‌زاره‌تی بازرگانی فیدراڵیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن بۆ تەواوکردنی یەکخستنی رێكاره‌كانی "مۆڵه‌تی هاورده‌كردن و به‌ڵگه‌نامه‌كان و په‌سندكردنه‌ پێویسته‌كان" له‌ماوەیەک کە لە ۳۰ رۆژ زیاتر نەبێت، واده‌كه‌ش له‌ به‌رواری ده‌ركردنی ئەم بڕیاره‌وە ده‌ست پێده‌كات)، بڕیاری ژماره‌ ۱۳ به‌رهه‌می لێك نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا بوو به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سیردراوه‌كان، به‌ڵام ته‌مه‌نی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی درێژ نه‌بوو و ئالنگارییه‌كان ناچار به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان كرد.

كابینه‌ی مسته‌فا كازمی له‌ ڕێگای سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراقه‌وه‌ داوای به‌ستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ به‌ ناوه‌نده‌وه‌، كه‌ ئه‌م داوایه‌ دوای پێشنیارێك هات له‌لایه‌ن ده‌سته‌كه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی فیدراڵی كراوه‌ به‌ مه‌به‌ستی پابه‌ندكردنی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌و بڕیاری ژماره‌ ۱۳ ی سالی ۲۰۱۹، وه‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕێوشوێنه‌ گومرگییه‌كان، ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق دوای هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق دێ به‌ ئامانجی كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق.

هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ ئامانجی به‌ستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنووربیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆ و ڕێككه‌وتنه‌وه‌ به‌دی دێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق ڕێگری له‌ هه‌ر جووڵه‌یه‌كی تاكلایه‌نه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵی كردووه‌ به‌ ئامانجی ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر ده‌روازه‌ سنووربیه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌، بڕیاری ژمارە ۱۳ش بە ڕوونی باس لەوە دەکات وەزارەتی بازرگانی عێراق و هەرێم بە هاوبەشی کار بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکخستنی ڕێکارەکان، کاتێکی دیاریکراویش لە بڕیارەکە هاتووە کە ۳۰ ڕۆژە.

له‌ مادده‌ی ۱۱٤ ی ده‌ستوور باس له‌ كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌ش له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان ده‌كات، له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می هه‌مان مادده‌ هاتووه‌ (به‌ڕێوه‌ بردنی گومرگه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی هه‌رێمه‌كان و پارێزگا ڕێكنه‌خراوه‌كان له‌ هه‌رێمێكدا، ئه‌مه‌ش به‌ یاسا ڕیك ده‌خرێن)، لێره‌دا به‌ ڕوونی ئاماژه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی كراوه‌ له‌ نێوان حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌رگایه‌كی ده‌ستوورییه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌ن به‌ مه‌به‌ستی ڕیككه‌وتن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی گومرگ و دەروازە سنووریيەکانی هەرێمی کوردستان.